مووچەی بەشێکی دیکەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوتای بەغدا دەکرێت
وێستگەنیوز-
دوای هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئەیلولی 2024، ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، "ئێمە لە وەزارەت چەند لیژنەیەکی باڵامان دروستکرد بۆ چەند مەبەستێک یەکێک لەوانە هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت و هاوتاکردنی دەرماڵەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بوو".
وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێک لە لیژنەکانیش تایبەت بوون بەو خاوەن پێداویستییانەی کە تاوەکو ئێستا هیچ مووچەیەکیان نییە، بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببڕێتەوە".
وتیشی، "لەبارەی ئەم پرسانەوە ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی وەزاریی دارایی عێراق دەکرێت و چاوەڕێین بگەینە ئەنجامێکی باش".
لەئێستادا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان مانگی 150 هەزار دینار وەردەگرن، ئەگەر مووچەکەیان هاوتابکرێت، ئەوا مووچەی هەر خاوەن پێداویستییەکی تایبەت دەبێتە 250 هەزار دینار.
AM:09:59:08/09/2024
ئهم بابهته 19600
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت