کۆمسیۆن: بە تێکڕا 93.5٪ـی دەنگدەرانی هەرێم کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە


وێستگه‌نیوزـ

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە تێکڕا 93.5٪ـی دەنگدەران کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئه‌یلولی 2024، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: لە هەولێر 92.86٪ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و رێژەکەش لە سلێمانی 89.61٪ـە.

باسی لەوەش کردووە، لە پارێزگای دهۆک زۆرترین کارتی دەنگدان وەرگیراوەتەوە کە 96.46٪ـی دەنگدەرانە و لە هەڵەبجەش 95.5ـی دەنگدەران کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.

پێشتر، مەڕوان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، 92٪ـی کارتی دەنگدان دابەش کراوەتەوە و لە ئێستادا خەڵک زیاتر سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمه‌ترییەکانیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو سیستەمی دەنگدان بە وشەی نهێنیی تایبەت پارێزراوە و چەند کۆمپانیایەکی جیهانی سەرپەرشتی سیستەمەکە دەکەن.

جەختی لەوەش کردەوە، دڵنیایی دەدەنە هەموو دەنگدەر و لایەنە سیاسیەکان کە لە کاتی دەنگدان هیچ کەس نازانێت کێ دەنگ بە کێ دەدات. دەشڵێت، هەندێک کەس تەنها بۆ ساردکردنەوەی دەنگدەر دەنگۆی ئاشکرابوونی دەنگ لە هەڵبژاردن بڵاو دەکەنەوە.

ئەوەشی خستە روو، تا رۆژێک پێش دەنگدان کارتی بایۆمێتری دەنگدان لە بنکەکان دابەش دەکرێت، هەربۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەن کە تا ئەو رۆژە سەردانی بنکەکان بکەن و کارتەکانیان وەر بگرنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە 20ی تشرینی یه‌كه‌می ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت دوای ئەوەی چوار جار دواخرا.


PM:01:00:05/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت