سبه‌ینێ سیسی ده‌چێته توركیا و ئه‌نقه‌ره‌ش هۆشداری ده‌داته ئیخوانه‌كانی ئیسته‌نبوڵ
سیسی و ئه‌ردۆغان
وێستگهنیوزـ
سبه‌ینێ چوارشه‌ممه 4ی ئه‌یلولی 2024، عه‌بدولفه‌تاح سیسی له‌و كاته‌ی بووه به سه‌رۆكی میسر، بۆ یه‌كه‌مجاره به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی سه‌ردانی توركیا ده‌كات و شاندێكی فه‌رمی ئاستبه‌رز یاوه‌ری ده‌كات.
وا بڕیاره سیسی سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی و دۆسێی شه‌ڕی غه‌ززه و دۆسێكانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به ناوچه‌كه، گفتوگۆی گرنگ له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا ئه‌نجامبدات.
هه‌روه‌ها به گوێره‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، وا بڕیاره نزیكه‌ی 20 رێكه‌وتن له نێوان میسر و توركیا، له بواره‌كانی به‌رگری و وزه و گه‌شتیاری و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و رۆشنبیریی واژۆبكرێت.
میسر و توركیا ده‌یانه‌وێت به‌م رێكه‌وتنانه، له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا، قه‌باره‌ی بازرگانی نێوانیان له 10 ملیار دۆلاره‌وه، زیادبكه‌ن بۆ 15 ملیار دۆلار.
له هه‌مان چوارچێوه‌دا، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا رێنمایی تووندیان بۆ ئیخوانه‌كانی "به‌ره‌ی ئه‌سته‌نبوڵ" ده‌ركردووه كه رێگری له سه‌ردانه‌كه نه‌كه‌ن یان ره‌خنه‌ی لێ نه‌گرن، چ له‌سه‌ر كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانی ئیخوان كه له ئه‌سته‌نبوڵه‌وه په‌خشده‌كرێن یان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا داوایان له ئه‌ندامانی ئیخوان كردووه، نه له دوور نه له نزیك، باسی ئه‌و دۆسێیانه نه‌كه‌ن كه په‌یوه‌ستن به كاروباری ئیخوانه‌وه یان په‌یوه‌ستن به په‌یوه‌ندی نێوان ئیخوان و میسره‌وه و هۆشداریداوه‌ته ئه‌وانه‌ی پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كان ره‌فتار بكه‌ن، توشی سزای گه‌وره ده‌بنه‌وه، له‌وانه‌یه بگاته ئاستی ده‌ركردنیان.
جێگای ئاماژه‌یه، ئه‌ردۆگان دوای یانزه ساڵ له دابڕان، له مانگی شوبات سه‌ردانی میسری كرد و چاوی به سیسی كه‌وت، له‌و كاته‌دا باسیان له به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری هاوبهشكرد و كۆمه‌ڵێك رێكه‌وتن و چه‌ندین لێكتێگه‌شتنیان واژۆكرد.
ساڵی 2022، له سه‌روبه‌ندی ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی مۆندیال له قه‌ته‌ر، سیسی دوای چه‌ندین ساڵ له دابڕان، بۆ یه‌كه‌مجار چاوی به ئه‌ردۆغان ده‌كه‌وێت.
پاشان بۆ جارێكی دی، له مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو، له لوتكه‌ی بیست له ده‌لهی پایته‌ختی هیندستان، چاوی به ئه‌ردۆغان ده‌كه‌وێته‌وه.
هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی میسر و توركیا، نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی نێوان هه‌ردوو وڵاتیان به‌رزكرده‌وه بۆ ئاستی دانانی باڵیۆز، ئه‌مه‌ش له پێناو گه‌ڕادنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2013 و به‌هۆی رووخانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی محه‌ممه‌د مورسی، سه‌رۆك كۆماری پێشووی میسر، په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی نێوان هه‌ردوو وڵات پچڕا.
PM:11:46:03/09/2024
ئه‌م بابه‌ته 1384
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت