ئیسرائیل جه‌خت له‌ كوشتنی فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌ماس ده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌نیوزـ

نزیكه‌ی یانزه‌ مانگه‌ شه‌ڕی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌رده‌وامه‌ و ئیسرائیل به‌ڵێنیداوه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ناوببات، له‌م میانه‌یه‌دا سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند، ئه‌ندامێكی بزووتنه‌وه‌كه‌ی كوشتووه‌ كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی 7ی ئۆكتۆبه‌ر، له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی هێرشه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ و ڤیدیۆكه‌ ئه‌و كات، به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3ی ئه‌یلولی 2024، سوپای ئیسرائیل له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا روونیكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی حه‌ماس ناوی ئه‌حمه‌د فه‌وزی وادیه‌، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی مغاویر و ئه‌ندامی یه‌كه‌ی فڕۆكه‌وانی چارۆكه‌داره‌ كه‌ هه‌ردوو یه‌كه‌كه‌ سه‌ر به‌ حه‌ماسه‌.

سوپاكة له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌حمه‌د له‌ 7ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو، به‌ فڕۆكه‌یه‌كی چارۆكه‌دار، خۆی گه‌یاندووه‌ته‌ ئۆردوگانی "نێتف هه‌سارا"، پاشان هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ندامانی مه‌ده‌نی له‌ خێزانی ته‌عاسا.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: "رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو، سوپای ئیسرائیل له‌ بۆردومانێكی بۆ سه‌ر ناوه‌ندێكی شاری غه‌ززه‌ كه‌ تيایدا چه‌كدارانی حه‌ماس چالاكبوون، له‌ ئه‌نجامی بۆردومانه‌كه‌دا 8 ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌كه‌ كوژراون".

به‌رپرسانی ئیسرائیل له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر خێزانی ته‌عاسایان بڵاوكرده‌وه‌، له‌ گرته‌كه‌دا گێل ته‌عاسا ده‌رده‌كه‌وێت خۆی و دوو كوڕه‌كه‌ی، به‌ره‌و په‌ناگایه‌ك راده‌كه‌ن و بۆمبێكی ده‌ستی فڕێده‌درێته‌ نزیكیان، گێڵ بازێك به‌سه‌ر بۆمبه‌كه‌دا ده‌دات و بۆمبه‌كه‌ ده‌ته‌قێته‌وه‌ و گێڵ گیان له‌ده‌ستده‌دات و دوو كوڕكه‌شی بریندارده‌بن.

دواتر ئه‌و چه‌كداره‌ ده‌بینرێت كه‌ سوپای ئیسرائیل له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا به‌ ناوی ئه‌حمه‌د فه‌وزی وادیه‌ ناویده‌بات، له‌ ته‌نیشت دوو كوڕه‌ گه‌نجه‌ برینداره‌كه‌وه‌ راوه‌ستاوه‌ و كۆكا كۆلا له‌ به‌فرگره‌كه‌ی خێزانه‌كه‌ ده‌رده‌هێنێت و ده‌یخواته‌وه‌.

ئاشكرایه‌ حه‌ماس له‌ 7ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو، هێرشێكی غافڵگیری كرده‌ سه‌ر ئۆردوگانشینه‌كان و باره‌گا سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل، له‌ ئه‌نجامدا هه‌زار و 200 كه‌س كوژران و 250 كه‌سی دیكه‌ ده‌ستگیركران.

به‌دوایدا ئیسرائیل له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ شه‌ڕێكی خوێناوی به‌رپاكرد و به‌ڵێیندا بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ناوببات. له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كه‌ی ئیسرائیل كه‌ یانزه‌ مانگه‌ به‌رده‌وامه‌، لانی كه‌م تا ئێستا 40 هه‌زار و 819 فه‌له‌ستینی كوژراون، زۆربه‌یان ژن و منداڵن.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی فراوانی كه‌رتی غه‌ززه‌، بووه‌ته‌ وێرانه‌ و چه‌ندین خانووبه‌ره‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ زه‌وی ته‌خت بوون، هه‌روه‌ها ئیسرائیل گه‌مارۆیه‌كی خنكێنه‌ری خستووه‌ته‌ سه‌ر ملیۆنان خه‌ڵكی غه‌ززه‌.


PM:11:37:03/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو