نوێترین زانیاری‌ سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی حه‌وت و هه‌شتی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم


وێستگه‌نیوز-
نزیكه‌ی‌ دوو مانگه‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌پێی‌ نوێترین زانیارییش ناردنی‌ ته‌واوی‌ مووچه‌ی‌ مانگی هه‌شت ته‌نیا چه‌ند رێكارێكی رۆتینی ماوه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌م رۆژانه‌ پاره‌ ده‌نێردرێت، بۆ مووچه‌ی مانگی حه‌وت-یش تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كی نوێ نییه‌.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ 28ی‌ ئابه‌، به‌ڵام تا ئێستا وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق ته‌نها 36  ملیار و 105 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی تەمموز خەرج کردووه‌ و ئه‌مڕۆش ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نووسراوی بۆ بانكی ناوه‌ندی لقی هه‌ولێر كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌.

 به‌وته‌ی‌ د.نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراقه‌وه‌ پێی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ مووچه‌ی مانگی حه‌وت خراوه‌ته‌ بری ئه‌و پاره‌ زیادانه‌ی كه‌ مانگه‌كانی پێشوو بۆ هه‌رێم نێردراوه‌.

هاوكات وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق بڕیاری خه‌رجكردنی نزیكه‌ی 550  ملیار دیناری بۆ مووچه‌ی مانگی هه‌شتی فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی دا و تائێستا نه‌گه‌یشتووه‌.

له‌ دوێنێشه‌وه‌ شاندێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان له‌ به‌غدایه‌، ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌نجام دا و به‌پێی‌ زانیارییه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌كان بێ‌ ئه‌نجام كۆتاییان هات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ی‌ ئابی‌ 2024 حكومه‌تی‌ عێراق بڕیاری خه‌رجكردنی دوو مووچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی‌ دا.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتی‌: "تا ئێستا پاره‌كه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌رێم و ته‌نها بڕیاری خه‌رجكردنه‌كه‌ی دراوه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ پاره‌كه‌ نزیكه‌ی 700 ملیار دیناره‌ و تایبه‌ته‌ به‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی حه‌وت و هه‌شتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و دڵنیایی دراوه‌ له‌وه‌ی مووچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نافه‌وتێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكرد كه‌ مووچه‌ی‌ مانگی حه‌وتی فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی‌ هێشتا به‌ته‌واوی‌ یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌نێردرێت یاخود نا.

كاتێكی‌ پێشتری‌ ئه‌مڕۆش شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی‌: "ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق مووچه‌ی مانگی حه‌وتی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج ده‌كات. هه‌فته‌ی داهاتووش ته‌واوی مووچه‌ی مانگی هه‌شتی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خه‌رج ده‌كرێت".


PM:11:45:28/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 27436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت