به‌هۆی وێنه‌یه‌كییه‌وه‌ ره‌خنه‌باران ده‌كرێت


وێستگه‌نیوز-

ئه‌حمه‌د حوسام ناسراو به‌ میدۆ، یاریزان و ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌ی زه‌مالیك و هه‌ڵبژارده‌ی میسر، له‌ رۆژانی رابردوو، به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی خۆی به‌ جلوبه‌رگی ئیحرامه‌وه‌ (جلوبه‌رگی تایبه‌ت به‌ حه‌ج و عومره‌)، له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ره‌خنه‌ و هێرشێكی زۆری كراوه‌ته‌سه‌ر.

میدۆ له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "ئێكس" وێنه‌یه‌كی خۆی له‌كاتی به‌جێهێنانی رێوڕه‌سمی عومره‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه، له‌ وێنه‌كه‌دا هه‌ندێك تاتۆ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ده‌رده‌كه‌وێت و گوێچكه‌ی هێدفۆنی تێدایه‌، ئه‌مه‌ توڕه‌بوونی زۆرێك له‌ لایه‌نگرانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

هه‌ندێك له‌ میسرییه‌كان پرسیاریان، ده‌رباره‌ی حوكمی ئه‌نجامدانی عومره بۆ كه‌سێك كردووه‌ كه‌‌ تاتۆ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی هه‌یه‌. هه‌ندێكی دیكه‌ سه‌رسوڕمانی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ و پرسیاریان كردووه‌: "نه‌عل/ شبشب له‌ حه‌ره‌می مه‌ككه‌؟ هێدفۆن له‌ حه‌ره‌می مه‌ككه‌، تاتۆ له‌ حه‌ره‌می مه‌ككه‌؟".

دواتر میدۆ وه‌ڵامده‌داته‌وه‌ و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ قورئاندا ئایه‌تێك نییه‌ ئه‌وه‌ی حه‌رام كردبێت و ده‌ڵێت: "من له‌ دواجاردا بۆ حه‌رامكردنی هه‌ر شتێك، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ قورئان، شتێك نییه‌ یه‌زدان حه‌رامی كردبێت و له‌ كتێبه‌ پیرۆزه‌كه‌یدا حه‌رامی نه‌كردبێت".

سه‌باره‌ت به‌ هێدفۆنه‌كه‌، روونیكردووه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ دایناوه‌، تاكو گوێ له‌ دۆعا و پاڕانه‌وه‌كان بگرێت و له‌ كاتی رۆشتن و ته‌وافدا، له‌به‌رخۆیه‌وه‌ دووباره‌یان بكاته‌وه‌.

ئیبراهیم سه‌عید یاریزانی پێشووی ئه‌هلی و زه‌مالیك، به‌رگری له‌ هاوڕێكه‌ی كردووه‌ و له‌ لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌ كه‌ناڵی "ئه‌لنه‌هار" ده‌ڵێت: "به‌و هێرشه‌ی سه‌ر میدۆ حه‌په‌سام، ئێمه‌ بۆچی لێپرسینه‌وه‌ له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ین، خوادایه‌ك هه‌یه‌، ئه‌و لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كات".

هه‌روه‌ها جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ هه‌مو ئه‌و كۆمێنتانه‌ی بۆ هاوڕێكه‌ی هاتووه‌، قسه‌ی بێمانا و پڕوپوچن و داوای له‌ ره‌خنه‌گران كردووه‌، له‌بری خه‌ریكبوون به‌ كاروباری خه‌ڵكی، لێپرسینه‌وه‌ له‌ خودی خۆیان بكه‌ن و دووباره‌ی كردووه‌ته‌‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ ته‌نها بۆ خودایه‌.

جگه‌‌ له‌وه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كات، بۆچی كاتێك یاریزانی ئه‌ڵمانی مه‌سعود ئۆزێل، رۆشت بۆ ئه‌نجامدانی عو‌مره‌ و حه‌ج، هه‌موان دڵخۆش بوون، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یه‌ك تاتۆ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی بوو؟

ئیبراهیم ئاوا كۆتایی به‌ لێدوانه‌كانی ده‌هێنێت: "واته‌ مادام من تاتۆم كردووه‌، نابێت ئیتر نوێژبكه‌م و نابێت بڕۆم بۆ عوم‌ره‌ و حه‌ج! خودا خۆی لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كات".


PM:06:47:17/08/2024




ئه‌م بابه‌ته 4096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت