شێخ حه‌سینه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌نگلادیش كێیه‌؟


وێستگه‌نیوزـ

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 5ی ئابی 2024، شێخ حه‌سینه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌نگلادیش، هه‌ڵهات و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی 15 ساڵه‌ی خۆی و ژیانێكی سیاسی پڕ له‌ رووداو هێنا.

حه‌سینه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی له‌ دیمه‌نی سیاسی وڵاته‌كه‌ی چووه‌ته‌ ‌ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزه‌وه‌، هه‌وڵده‌دات ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ دامركێنێته‌وه‌ كه‌ دژ به‌ حوكمڕانییه‌كه‌ی به‌رپابووه‌ و نزیكه‌ی 300 كه‌سی تێدا كوژراوه‌.

ئه‌م خانمه‌ سیاسییه‌ كه‌ هه‌نووكه‌ ته‌مه‌نی 76 ساڵه‌، له‌ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1996 بۆ مانگی ته‌موزی 2001، پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی وه‌رگرتووه‌، پاشان له‌ كانونی دووه‌می 2009 بۆ مانگی ئابی 2024، بۆ جارێكیتر هه‌مان پۆستی وه‌رگرته‌وه‌، به‌مه‌ش له‌ مێژووی وڵاته‌كه‌دا ده‌بێته‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ درێژترین ماوه‌ له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه‌.

شێخ حه‌سینه‌ له‌ 28 ئه‌یلولی 1947 له‌دایكبووه، باوكی ناوی شێخ مه‌جیب ره‌حمانه‌، كه‌ به‌نگلادیشی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆی برد. به‌ گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی زانكۆی كۆڵۆمبیای ئه‌مریكا، حه‌سینه‌ ساڵی 1973 زانكۆی ده‌كا ته‌واو ده‌كات و به‌شداری له‌ بزووتنه‌وه‌ خوێندكارییه‌كان كردووه‌، له‌ كۆلیژی كچان/  كلیه‌ البنات، به‌ جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی خوێندكاران هه‌ڵبژێردراوه‌ و ئه‌ندامی رابیته‌ی خوێندكارانی زانكۆی ده‌كا بووه‌.

ساڵی 1971، به‌هۆی راپه‌ڕینی شه‌ڕی رزگاریخوازی كه‌ بووه‌ هۆی سه‌ربه‌خۆیی به‌نگلادیش، خۆی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی، بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌ستگیر ده‌كرێن.

حه‌سینه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، كاتێك له‌ كوده‌تاكه‌ی ساڵی 1975، ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری سه‌ربازی باوك و دایكی و سێ برای تیرۆر ده‌كه‌ن، له‌و كاته‌دا باوكی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌نگلادیش بووه‌.

دوای ئه‌و ڕووداوه‌ و بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ، ژیانی له‌ تاراوگه‌ به‌سه‌رده‌بات، دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵات و رابه‌رایه‌تی پارتی "رابیته‌ی عه‌وامی" ده‌كات كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن باوكییه‌وه‌ رابه‌رایه‌تی ده‌كردا، ئه‌م پارته‌ دواتر ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین رێكخراوی سیاسی له‌ به‌نگلادیش.

حه‌سینه‌ ساڵی 1991، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ل پارتی نیشتیمانی به‌نگلادیش به‌ سه‌رۆكایه‌تی خالیده‌ زیا ئه‌نجامدا، بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ بڕوخێنن كه‌ له‌ لایه‌ن حسێن محه‌ممه‌د ئه‌رشاد به‌ڕێوه‌ده‌برا.

به‌ڵام زۆر به‌خێرایی ناكۆكی ده‌كه‌وێته‌ نێوانیان و حه‌سینه‌ كه‌وته‌ تۆمه‌تباركردنی خالیده‌ كه‌ به‌ هۆی ته‌زویركردنه‌وه‌ ببووه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌نگلادیش.

حه‌سینه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی مانگی حوزه‌یرانی 1996،  بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌نگلادیش. له‌ ماوه‌ی یه‌كه‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كه‌یدا، وڵات گه‌شه‌یه‌كی ئابوری به‌خۆیه‌وه‌ بینی و رێژه‌ی هه‌ژاری كه‌مبوه‌وه‌، به‌ڵام ناسه‌قامگیری سیاسی هه‌ر به‌رده‌وام بوو.

له‌ مانگی ته‌موزی 2001، دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا له‌ به‌رامبه‌ر خالیده‌ زیا شكستیهێنا، كۆتایی به‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كه‌ی هات. ساڵی 2007 هه‌ردووكیان حه‌سینه‌ و خالیده‌، به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی زیندانیكران، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌ پاڵپشتی سوپا كوده‌تای ئه‌نجامدا. به‌ڵام دواتر ئازادكران و رێگه‌یاندا به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی داهاتوو بكه‌ن.

له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی داهاتوو، حه‌سینه‌ زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵاتدابوو.

له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014 بۆ جاری سێیه‌م له‌ ده‌سه‌ڵاتدا مایه‌وه‌، پارتی نیشتیمانی به‌شداری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی نه‌كرد و چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان به‌ ته‌زویر وه‌سفكرد، هه‌مان ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی 2018 روویدا و تووندوتیژی به‌خۆیه‌وه‌بینی. ئه‌م خانمه‌ سیاسییه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی مانگی یه‌كی رابردوو، به‌ بێ بوونی ركابه‌رێكی راسته‌قینه‌ و دوای ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی كرد و رایگه‌یاند هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌ ئازاده‌ و نه‌ شه‌فافه‌، بۆ جاری چواره‌م سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.

به‌نگلادیش سه‌روه‌ختێك له‌ ساڵی 1971 سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌ پاكستان وه‌رگرت، یه‌كێك بوو له‌ هه‌ژارترین ده‌وڵه‌ته‌كانی جیهان. به‌ڵام له‌ ساڵی 2009وه‌، ساڵانه‌ به‌ رێژه‌ی 6% گه‌شه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و رێژه‌ی هه‌ژاری كه‌میكردووه‌ و زیاد له‌ 95% دانیشتوان كه‌ ژماره‌یان 170 ملیۆن كه‌سه‌، خزمه‌تگوزاری كاره‌بایان بۆ دابینكراوه‌، داهاتی تاك له‌ ساڵی 2021 به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.

حه‌سینه‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ زۆرینه‌ی موسڵمانه‌، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی دژ به‌ ئیسلامییه‌ تووندڕه‌وه‌كان ئه‌نجامیدا، ستایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌  بوو ساڵی 2016، پێنج تووندڕه‌و، چوبوونه‌ ناو ئه‌و كافێیه‌ی هاوڵاتیانی خۆرئاوا سه‌ردانیان ده‌كرد و تێیدا 22 كه‌سیان كوشت.

ساڵی 2017 به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێگه‌یدا یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ی روهینگا كه‌ له‌ ده‌ست توندوتیژییه‌كانی مینامار رایانكردبوو، له‌ وڵاته‌كه‌یدا بمێننه‌وه، ده‌ستخۆشی و ستایشكرا‌.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌كاتی حوكمڕانییه‌كه‌یدا، چه‌ندین پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ روویداوه‌ و ناڕه‌زایی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

له‌ مانگی ته‌موزی ئه‌م ساڵدا، خوێندكارانی زانكۆ ده‌ستیان كرد به‌ خۆپیشاندان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ داواكردنی ئۆپۆزسیۆن به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، خۆپیشاندانه‌كان گۆڕان بۆ په‌شێوی خوێناوی، له‌ به‌رامبه‌ر روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ره‌كاندا كه‌ تا ده‌هات له‌ هه‌ڵكشان و به‌رزبوونه‌وه‌دا بوو، حه‌سینه‌ پێداگری ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تاقه‌ خه‌می ئه‌و، خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌یه‌تی.

حه‌سینه‌ له‌ مانگی رابردوو، له‌ گه‌ڕانێكی به‌ نێو ده‌كا-ی پایته‌خت، به‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌ڵێت: "به‌ درێژایی 15 ساڵ ئه‌م وڵاته‌م بونیادناوه‌، له‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكدا چ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كم نواندووه‌؟".

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 5ی ئابی 2024، دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌ و هه‌ڵهاتنی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سه‌رۆكی سوپا وه‌قر ئه‌لزه‌مان، رایگه‌یاند سه‌رقاڵی گفتوگۆكردنن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كاتی.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ ئاژانسی فرانس پرێس، به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ئه‌وه‌ی خۆپشانده‌ران ده‌ڕۆنه‌ ناو باره‌گاكه‌ی له‌ ده‌كا، حه‌سینه‌ به‌ هه‌لیكۆپته‌رێك، به‌ره‌و هیندستان هه‌ڵهاتووه‌ و هه‌ندێك له‌ خۆپشانده‌ران په‌یكه‌ری باوكی حه‌سینه‌ شێخ مه‌جیب ره‌حمان رابه‌ری سه‌ربه‌خۆییان تێكشكاند.


PM:10:43:05/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 3268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو