"ژیانم له‌سه‌ر لێواری هه‌ره‌سه"
دانپیانانی سه‌ربازێكی ئیسرائیلی دوای 10 مانگ له شه‌ڕ
وێستگه نیوزـ
ئادی حه‌زان ته‌مه‌نی 41 ساڵه، سه‌ربازێكی یه‌ده‌گی سوپای ئیسرائیله، دانبه‌وه‌دا ده‌نێت ژیانی "له‌سه‌ر لێواری هه‌ره‌سهێنانه"، چونكه له‌و بڕوایه‌دا بووه شه‌ڕه‌كه مانگێك یان دوو مانگ ده‌خایه‌نێت، كه‌چی ئه‌وه‌تا ده مانگه به‌رده‌وامه و هیچ ئاسۆیه‌كیشی بۆ كۆتاییه‌كه‌ی دیار نییه.
حه‌زان هێشتا له خزمه‌تی سه‌ربازی به‌رده‌وامه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كاریگه‌ری له ژیانی تایبه‌تی كردووه، كۆمپانیاكه‌ی مایه پوچ بووه و تا بینه‌قاقای نوقی قه‌رز بووه، خێزانه‌كه‌ی بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان، پشت به یارمه‌تی هاوڕێ و ڕێكخراوه‌كان ده‌به‌ستن.
حه‌زان سه‌ره‌تا له غه‌ززه شه‌ڕیكردووه و هه‌نوكه له كه‌ناری خۆرئاوای داگیركراوه، به رۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی راگه‌یاندووه: "نازانم چی رووده‌دات، كه‌س له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوو ئه‌م بارودۆخه، ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ به‌رده‌وام ده‌بێت".
ئیسرائیل ده‌وڵه‌تێكی بچووكه و ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی ده ملیۆن كه‌سه، سوپاكه‌ی له‌كاتی قه‌یرانه‌كاندا، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له كاره‌كانی بكات، به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به سه‌ربازه یه‌ده‌گه‌كانی ده‌به‌ستێت.
به‌ڵام ئێستا كه شه‌ڕه‌كه ده‌چێته مانگی یانزه‌هه‌مه‌وه و تابێت ته‌قه‌كردن له نێوان ئیسرائیل و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك حزبوڵڵا له لوبنان و حوسییه‌كان له یه‌مه‌ن، له په‌ره‌سه‌ندن و هه‌ڵكشانی زیاتردایه، زۆرێك له سه‌ربازه‌كانی ئیسرائیل له"لێواری هه‌ره‌سهێناندان".
رۆژنامه‌ی ناوبراو ده‌ڵێت گوشاركردن له هێزی مرۆیی سه‌ربازی، یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی وایكردووه به‌رپرسانی ئیسرائیل، دوودڵبن و نه‌یانه‌وێت شه‌ڕێكی سه‌رتاپاگیر له ناوچه‌كه‌دا به‌رپابكه‌ن، چونكه ئه‌وه پێویستی به شه‌ڕكردنه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هێزی سه‌ربازی دیكه كه زۆر له حه‌ماس به‌هێزتر و باڵاده‌ستترن.
له‌م باره‌یه‌وه، یاكۆڤ ئامیدرۆر سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئیسرائیل ده‌ڵێت: "ئیسرائیل خۆی بۆ شه‌ڕێكی درێژ ئاماده‌نه‌كردووه. بیرمان له بۆردومانێكی گه‌وره‌ی هێزه ئاسمانییه‌كان و پاشان مانۆڕێكی خێرای هێزه زه‌مینییه‌كان كردبووه‌وه. تا شه‌ڕه‌كه زیاتر بخایه‌نێت، ناردنی كۆمه‌ك و پاراستنی ئاماده‌یی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كان، قورس و سه‌ختتر ده‌بێت".
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئیسرائیل له‌گه‌ڵ حه‌ماس بگاته رێكه‌وتنی ئاگربه‌ست، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له‌گه‌ڵ حزبوڵڵا، له سنووری باكوری وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ لوبنان، روبه‌ڕووی شه‌ڕێكی سه‌رتاسه‌ری ببێته‌وه.
PM:06:27:05/08/2024
ئه‌م بابه‌ته 2492
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت