بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كێتی: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌غدا مووچه‌ بنێرێت


وێستگه‌نیوز-
بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ وردبینی لیستی مووچه‌ی مانگی حه‌وتی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌لایه‌ن دیوانی چاودێریی عێراقه‌وه‌ ته‌واوبووه‌ و "چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌غدا مووچه‌ بنێرێت".


كاروان یاروه‌یس بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمی‌ حزبه‌كه‌ی‌ وتووه‌ كه‌ "حكومه‌تی عیراق پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی حه‌وتی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی خۆی هێنا".
كاروان یاروه‌یس ده‌ڵێت: "به‌هه‌موو ئه‌گه‌رێكه‌وه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا مووچه‌ی هه‌مان مانگی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمیش بنێرێت".

وتیشی‌: "به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ پێمگه‌یشتووه‌، دیوانی چاودێری وردبینی بۆ لیستی مانگی حه‌وتی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ته‌واوكردووه‌".

كاروان یاروه‌یس دوووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌ست به‌ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بكات".

مانگانه‌ حكومه‌تی عیراق له‌دوای دابه‌شكردنی مووچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ست به‌ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌كات.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ رۆژی 21-7-2024 ه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم لیستی مووچه‌ی مانگی حه‌وتی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی بۆ به‌غدا ناردووه‌، هاوكات لیستی مووچه‌ی خانه‌نشینانیشی به‌هاوتاكراوی له‌گه‌ڵ عیراق بۆ دارایی حكومه‌تی فیدراڵ ناردووه‌.


AM:09:57:05/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 1220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت