پارتی: یەکێتی هەوڵی دا کارەساتی شنگال بۆ مەرامە بەرتەسكە سیاسییەکانی بقۆزێتەوە


وێستگه‌نیوزـ

له‌سه‌ر پرسی شنگال، پارتی وه‌ڵامی یه‌كێتی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، یه‌كێتی هەوڵی داوە ئەو كارەساتە نیشتیمانی و نەتەوەییە بۆ مەرامە بەرتەسكە سیاسی و حزبییەكانی خۆی بقۆزێتەوە و راستییەكانی ئەو كارەساتە بشێوێنێت.


ئه‌مڕۆ یەکشەممە 4ی ئابی 2024، بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "لە یادی 10 ساڵەی كارەساتی شنگالدا، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانی بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوە تیایدا فرمێسكی تیمساحانەی بۆ كەسوكاری قوربانییانی ئەو كارەساتە رشتووە و هەوڵی داوە ئەو كارەساتە نیشتیمانی و نەتەوەییە بۆ مەرامە بەرتەسكە سیاسیە و حزبییەكانی خۆی بقۆزێتەوە و راستییەكانی ئەو كارەساتە بشێوێنێت".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەموو خەڵكی كوردستان و تێكۆشەر و خەباتگێڕان و هێزی هاوپەیمانان شاهیدی ئەوەن كە ئەوەی لە شنگالدا خوێن و قوربانی و زیانی دا، پارتی دیموكراتی كوردستان بووە".

ده‌شڵێت، "لە خەمێکی گەورەی نیشتیمانی وەك كارەساتی شنگال، پارتی وەك هەمووجار، بە تەنیا مایەوە و بە تەنیا شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی، چ لە پەنادانی ئاوارەكان، چ لە رزگاركردنی فڕێندراوەكان و هەروەها رزگاركردنی دەڤەری شنگال لە دەستی داعش".

بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دەڵێت: "جیهان شاهیدە پێشمەرگەی پارتی چۆن بەرگریی کردووە و چۆن ئەفسانەی داعشی شکاندووە".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "مێژوویەکی زۆر کۆن نییە، گەلی کوردستان باش لەیادیەتی بۆ تۆماركردنی داستانی گەورە لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی سەددی موسڵ و ئازادكردنی رەبیعە و ئازادكردنی زوومار و شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال و دواجاریش رزگاركردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش، سەدان شەهید و برینداری بەخشی و ماوەی دوو ساڵ سەرۆك بارزانی خۆی لە بەرەكانی شەڕ مایەوە و تا شنگال ئازاد نەكرا، نەگەڕایەوە".

راگه‌یاندراوه‌كه‌ی به‌شی رۆشنبری و راگه‌یاندنی پارتی باسی له‌وه‌شكردووه‌، "سەرۆك بارزانی ئەو بەڵێنەی گەیاندە سەر، كە بە بابەشێخ و ئێزیدیەكانی دابوو، كە ئێزیدخان دەمێنێ و سەری داعش دەبێ بكەوێتە ژێر پێی رۆڵەكانی كوردی ئێزیدی".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لێرەدا ڕایدەگەیه‌نین موزایەدات و رشتنی فرمێسكی تیمساح بۆ ئێزیدیەكان و چەواشەكاری هیچ لە وێنەی راستییەكان ناگۆڕێت، بە تایبەت کە ئەو موزایەداتە لەلایەن ناپاک و کاڵفامەکانەوە بێت. وەک رۆژی رووناک دیارە ئەوەی لە خەمی شنگالە و خاوەنی شنگالە و ئاوێتەیە لەگەڵ ژان و ئازاری خوشك و برایانی ئێزیدی تەنیا پارتی بووە و هەر پارتی دەمێنێتەوە".

رۆژی هه‌ینی 2ی ئابی 2024، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان راگه‌یاندراوێكی له‌ ساڵیادی ده‌ ساڵه‌ی كاره‌ساتی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كانی شنگال بڵاوكرده‌وه‌ و راگه‌یاند، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاریی و پارێزگاریی له‌ شنگال هێشتەوە.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتى لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، یەكێتی لە بەرایی کۆمەڵکوژییەکەى شنگالدا، وێڕای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە، هێڵێكی بەرگریی  بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە و لێقەوماوان دروستکرد، بۆ بەرگرتن لەو نەزیفە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوەی لە توانادایە.


PM:12:29:04/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت