مه‌سعود بارزانی: رێككه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌مه‌ڕ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال جێبه‌جێ بكرێت
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه پێویسته رێككه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌مه‌ڕ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال جێبه‌جێ بكرێت، ده‌شڵێت: "ئه‌و دۆخه نایاسایی و نائاساییه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی شنگالدا سه‌پێندراوه كۆتایی بێت".
ئه‌مڕۆ شه‌ممه مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له یادی ده ساڵه‌ی جینۆسایدی شنگال په‌یامێكی راگه‌یاند و تیایدا هاتووه كه "جینۆسایدی شنگال و، ئه‌و تاوانه‌ی تیرۆریستانی داعش ده ساڵ به‌ر له ئێستا دژی خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان ئه‌نجامیان دا برینێكه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی گه‌لی كوردستان".
مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێت: "خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان به هۆی كوردبوون و بیروباوه‌ڕی ئایینیانه‌وه جینۆساید كران".
ده‌شڵێت: "پێویسته ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ له‌مه‌ڕ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال جێبه‌جێ بكرێت".
سه‌رۆكی پارتی راشیگه‌یاندووه كه "پێویسته كۆتایی به‌وه بێت لایه‌نه‌كان ژان و ئازاره‌كانی شنگال بۆ مه‌رامی سیاسی و خۆسه‌پاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال به‌كار بهێنن".
ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌تی:
په‌یامی بارزانی له یادی ده ساڵه‌ی جینۆسایدی شنگال
به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
جینۆسایدی شنگال و، ئه‌و تاوانه‌ی تیرۆریستانی داعش ده ساڵ به‌ر له ئێستا دژی خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان ئه‌نجامیان دا برینێكه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی گه‌لی كوردستان. ئه‌و تاوانه هاوشێوه و درێژه‌كراوه‌ی ئه‌و جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژی و تاوانانه‌یه كه به درێژایی مێژوو به‌رانبه‌ر گه‌لی كوردستان ئه‌نجام دراوه. خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان به هۆی كوردبوون و بیروباوه‌ڕی ئایینیانه‌وه كه‌وتنه به‌ر شاڵاوی ڕق و دڕنده‌یی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.
له ده‌یه‌مین ساڵیادی ئه‌و كاره‌ساته‌دا سڵاو بۆ گیانی شه‌هیدان و قوربانیانی ئه‌و تاوانه ده‌نێرین و، سڵاو بۆ گیانی ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه ده‌نێرین كه بۆ شكاندنی ئابڵۆقه‌ی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان به‌خشی و سه‌ری داعشی دڕنده‌یان خسته ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان و تۆڵه‌ی ئه‌و ناهه‌قی و زوڵمه‌یان له تیرۆریستان كرده‌وه.
له‌و یاده دڵته‌زێنه‌دا جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه به‌هه‌موو توانایه‌ك پاڵپشتی ماف و داواكاریی خوشك و برا ئێزیدییه‌كان و دانیشتوانی ده‌ڤه‌ری شنگالین. پێویسته ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ له‌مه‌ڕ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌و دۆخه نایاسایی و نائاساییه‌ی ده ساڵه به ناهه‌ق به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره سه‌پێندراوه كۆتایی بێت.
پێویسته كۆتایی به‌وه بێت لایه‌نه‌كان ژان و ئازاره‌كانی شنگال بۆ مه‌رامی سیاسی و خۆسه‌پاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال به‌كار بهێنن و ده‌بێ ڕێگه بدرێت خوشك و برا ئێزیدیه‌كانمان له شنگال به سه‌ربه‌رزی بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و له ئاشتی و ئارامیدا بژیین.
مسعود بارزانی
3ی ئابی 2024
AM:10:48:03/08/2024
ئه‌م بابه‌ته 556
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت