یەکێتى: راکردنی پارتی فەرمانڕەوا له شنگال کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاریی هێشتەوە
دیمهنێك له سهنتهری قهزای شنگال
وێستگهنیوزـ
لە دەیەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکاندا، یەکێتى نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاریی و پارێزگاریی له شنگال هێشتەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتى لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، یەكێتی لە بەرایی کۆمەڵکوژییەکەى شنگالدا، وێڕای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە، هێڵێكی بەرگریی بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە و لێقەوماوان دروستکرد، بۆ بەرگرتن لەو نەزیفە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوەی لە توانادایە.
دەشڵێت، "دوای پرۆسەی رزگاركردنەوەی شنگال لە چوارچێوەی جەنگی سەرتاسەری دژی داعشدا، هەوڵەكانی یەكێتیی لە ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە بەردەوامە، بۆ هەرچی زووتری جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، رزگارکردنی زیندووان، قەرەبووی زیانلێكەوتووان و لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی کارەساتەکە".
مەکتەبی سیاسیی یەکێتى راشیگەیاندووە، لەم یادەدا، وەک هێزێکی کوردستانی دەربەست و بەرپرس، خاوەندارێتی مۆڕاڵی خۆمان لەم دۆسێ نەتەوەیی، نیشتمانیی و ئینسانییەی خەڵکەکەی خۆمان لە شنگال دووپات دەکەینەوە، تەئکید لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدیان وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و زیندووی کوردستانی و دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و شایستە بۆیان دەکەینەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، یادی ئەم خەمە نەتەوەییە، هاوکاتی جەژنی دێرینی چلەی هاوینی ئێزدیانە، کە جەژن هەمیشە نیشانەی بەردەوامی ژیان و بەرەنگاریی و ئیرادەی مانەوەیە، بەم بۆنەیە وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە وڵات و لە تاراوگە هیوادارین ئیرادەی مانەوە و بەردەوامیان بەسەر رۆژە رەشەکانی ستەم و کارەساتدا زاڵ بێت و سەرکەوێت.
PM:10:17:02/08/2024
ئهم بابهته 848
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت