تا ئێستا تاران بەڕوونی كوژرانی ئیسماعیل هەنیەی نەخستۆتەڕوو
ئیسماعیل هەنیە
وێستگهنیوزـ
كوژرانی سەرکردەیەکی باڵای حەماسی وەک هەنیە، لەوڵاتێکدا کە تاسەر ئێسقان پشتگیری لە بزووتنەوەکەی دەکات، شۆکێکی مشتومڕ هەڵگرە، ئەوەی ئێران تا ئێستا وتوویەتی ئەوەیە کە هەنیە دوای ئەوەی لە تاران بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆماری ئێراندا دەکات، بە "هێرشێکی ئاسمانیی" گیانی لەدەستداوه، بەڵام ئەو لێدوانانەی دەربارەی رووداوێکی وا گرنگ دراون، ورد و پڕ زانیاریی نین.
لەکاتێکدا تا ئێستا ئیسرائیل بهشێوهیهكی ئاشكرا بەرپرسیارێتی خۆی لەم رووداوە نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام پێشتر سوێندی خواردووە کەحەماس و سەرکردەکانی دوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر لەناو ببات.
بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکانی ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) گیانلەدەستدانی هەنیە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت، کە ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، رۆژی سێشەممە هێرشێکی بۆسەر بەیرووتی پایتەختی لوبنان ئەنجامداوە و تیایدا باڵاترین فەرماندەی سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج، کە یەکێکی دیکەیە لە گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران، ئەمەش لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا کردوویەتی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر کرایەسەر ناوچەی بەرزاییەکانی جۆلان، کەدەکەوێتە باشووری سنووری سوریا و لە ژێردەسەڵاتی ئیسرائیلدایە، لەکۆتایشدا ئەم هێرشە بەسەر حیزبوڵڵادا ساغکرایەوە.
وردەکاری ئەو رووداوانەی لە دەوروبەری کاتژمێر دووی بەیانی رۆژی چوارشهممه 31 تەمموزی 2024 لەتاران روویدا، لە توانایدایە پێمان بڵێت کە لە داهاتوودا چی روودەدات، لە کاتێکدا ئێران لەپلانیدایە گێڕانەوەیەک بخاتەڕوو، کە وەڵامەکەی زیاتر پاساوی و رازیکەری هەموو لایەک بێت.
ئێران لەم بارەیەوە هەر لێدوانێک بدات ناتوانێت نکۆڵی لە وراستییە بکات، کە پێشێلکارییەکی گەورە کراوەتە سەر سەروەری وڵاتەکەی و بڵقێکی گوماناوی ئەمنی لە پایتەختی وڵاتەکەیدا تەقیوە، چونکە لە کۆتاییدا هەنیە میوانی رژێمی کۆماری ئێران بوو، هەربۆیە رۆڵی رژێم وەک دەسەڵاتێکی ناوچەیی لەمەترسیدایە.
هەواڵەکان لە ئێستادا باس لەوە دەکەن، کە ئایا پاراستنی ئەو شوێنەی هەنیە لێی ماوەتەوە لە بەرپرسیارێتی کێدا بووە، ئایا سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (IRGC) بەهۆیەوە شەرمەزار دەکرێن؟.
جێگای باسە ئێران لە رابردوودا زیاتر لە جارێک بەهۆی سزاکانیەوە سەرکردەکانی لەناوچوون، وەک مردنی زانای گەورەی ئەتۆمی موحسین فەخریزادە، لە ساڵی 2020دا، کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی قودس، کە ئەفسانەیترین کەسایەتی سەربازیی وڵاتەکەی بوو، ئەمەش لە دوایدا توڕەییەکی قووڵی هاووڵاتییانی ئێرانی لێکەوتەوە.
لە ڕاپۆڕتەکەی سی ئێن ئێندا ئاماژە بەوەش کراوە، دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023دا، تاران بۆ چەند مانگێک دوودڵ بووە، لەوەی لە لوبنانەوە گرووپی چەکداری حزبوڵڵا، بخاتە شەڕێکی تەواوەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەڵام لە ئێستادا بە وەلانانی ترس لەو ململانێ و زیانە مرۆییەیەی کەلە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا دروستدەبێت، حزبوڵڵا وەک کارتێکی بەهێز ماوەتەوە کە تاران دەتوانێت جارێکی دیکە لەڕێیەوە یاریی بکات.
بەڵام ئێران لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڕیاریدا بێدەنگی شکێنێت و هێرشێکی راستەوخۆ بکاتەسەر خاکی ئیسرائیل، ئەمەش لەدوای کوشتنی فەرماندە باڵاکانییەوە دێت، کەلەدیمەشق لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج، هێرشەکەی تاران سەرتاسەری و ڕاستەوخۆ بوو، وتێیدا 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاڕاستەی ئامانجەکەی کردو لە بەرامبەریشدا لە 99%یان لەلایەن سیستەمەبەرگرییەکانی ئیسرائیلەوە رێگرییان لێکرا.
بەڵام ئەمجارە وەڵامی تاران بۆ مردنی هەنیە دەبێت جیاواز بێت و وڵاتەکە ڕۆڵی خۆی وەک زلهێزێکی ناوچەیی بگێڕێت، ئەگەر نەشتوانێت بە رادەیەکی پێوست هێزی خۆی لە وڵاتەکەدا وبەرامبەر جیهان بگەڕێنێتەوە، ئەوا مەترسییەکی راستەقینەلەسەر شکۆمەندی ئێران دروست دەبێت.
هەربۆیە یەکەم لێدوانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵایکۆماری ئیسلامی ئێران لەم بارەیەوە گرنگی خۆی هەیە، ناوبرا و لەدوای ڕووداوەکەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند: "ئێوە میوانە ئازیزەکەی ئێمەتان لە ماڵی خۆمانداکوشت و بەمەش ڕێگاتان خۆشکرد بۆ ئەو سزا توندەی کە دەبێت ڕووبەڕووتان ببێتەوە”.
پەیوەست بە حزبوڵڵاشەوە کە چەند ڕۆژێک بەرلە ئێستا لەهێرشێکی ئاسمانی بۆسەر قوتابخانەیەکی دروز لەبەرزاییەکانی جۆلان تێوەگلاوە، تیرۆرکردنی هەنیەش بەهۆکاری وەڵامدانەوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارەکانی دەبینێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە پەلکێش نەکرێتە ناو هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (سی ئێن ئێن) تاران بەر لە هەر شتێک کاتەکانی خۆی تەرخان دەکات بۆ ئەوەی دووبارە ئاشکرای بکات کە سەروەری وڵاتەکەی پێشێلکراوە، بەئاشکراش خۆی لە زۆربەی وردەکارییەکانی چۆنیەتی کوشتنەکەی هەنیە بەدوور گرتووە، کە ڕەنگە نەزانێت یاخۆی نەیەوێت بیڵێت، یاخود لەهەوڵی ئەوەدابێت وەڵامێک بڵێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا بگونجێت.
PM:02:39:01/08/2024
ئهم بابهته 1144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت