رۆیته‌رز: رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە قاچاغ رەوانەی ئێران و توركیا دەكرێت

‌وێنە: رۆیتەرز

وێستگه‌نیوزـ

ئاژانسی رۆیته‌رز له‌ زاری به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێت، هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 375 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت، رۆژانه‌ 200 هه‌زار به‌رمیلی له‌ رێگه‌ی تانكه‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌ی قاچاخ ره‌وانه‌ی توركیاو ئێران ده‌كرێت.


سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان به‌ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌: هەرێم رۆژانە 375 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، له‌و بڕه‌ 200 هەزار بەرمیلی بە قاچاغ رەوانەی ئێران و توركیا دەكرێت كەس نازانێت داهاتەكەی چی لێدێت.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، رۆژانە زیاتر لە هه‌زار تانكەر لە هەرێمەوە نەوت بە قاچاغ دەگوازنەوە بۆ ئێران و توركیا، كه‌ داهاتەكەی 200 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە.

ئاژانسی رۆیته‌رز له‌ زاری سه‌رچاوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ وتویه‌تی: "نەوتی كوردستان هەرزان فرۆش دەكرێت و نرخی بەرمیلێك لەنێوان 30 بۆ 40 دۆلاردایە".

قەبارەی هەناردەی نا فەرمی، كە پێشتر رانەگەیەندراوە، یەكێكە لەو هۆكارانەی كە عێراق ناتوانێت پابەندنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بێت، كە لەگەڵ رێكخراوی ئۆپێكدا لەسەری رێككەوتووە.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگه‌یاندووه‌، فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستان بە رەزامەندی حكومەتی عێراق نیە، سۆمۆ تاكە لایەنی فەرمیە، كە رێگەی پێدراوە نەوت بفرۆشێت.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، حكومەتی عێراق هیچ ژمارەیەكی وردی لانیە لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی كە بە قاچاغ دەبرێت بۆ ئێران و توركیا.

بەوتەی بەرپرسێكی ئەمریكی، رەنگە ئەم كارە، هەرێمی كوردستان بخاتە دۆخی بەریەككەوتن لە واشنتۆنی هاوپەیمانی، كە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ئەوەیە، ئاخۆ ئەو بازرگانیە لەگەڵ ئێران، پێشیلی سزاكانی سەر تاران دەكات یان نا.

بەرپرسە ناوخۆییەكانی كوردستان دەڵێن، داهاتەكانی نەوت حساب نەكراون و لە گەنجینەكانی حكومەتی هەرێم تۆمار ناكرێن، كە رووبەڕووی  كێشەی گەورە بووەتەوە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشوی كوردستان كە سەرۆكی لیژنەی نەوت بووە لە خولی پێنجه‌می پەرلەمانی كوردستان بۆ رۆیته‌رز دەڵێت: داهاتەكانی نەوت هیچ ئاسەوارێكیان نیە، قەبارەی فرۆشتنی نەوتی رۆژانە بە 300 هەزار بەرمیل مەزەندە دەكرێت.

لای خۆیه‌وه‌ بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووه‌، نەوت لەڕێی دەروازە سنووریەكانەوەو بە ئاگاداری حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.

بەرپرسانی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیانكردووەتەوە هیچ قسەیەك لەسەر ئەم پرسە بكەن، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمیش، كە سەرپەرشتی بارزگانی نەوتی كوردستان دەكات، وتەبێژی فەرمی نیە.

بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رایگەیاندووە: رۆژانە هەرێمی كوردستان 375 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، 200 هەزار بەرمیلی بە بارهەڵگر رەوانەی ئێران و توركیا دەكات، باقییەكەی لەناوخۆدا دەپاڵێورێت.

ئەو بەرپرسە كە داوای كردووە ناوی نەهێنرێت, وتویەتی: كەس نازانێت داهاتی ئەو 200 هەزار بەرمیل نەوته‌ كە بە قاچاغ دەبرێت یان ئەو پێكهاتە نەوتیانەی بە پاڵاوتگەكانی ناوخۆ دەفرۆشرێت چی لێدێت.

سەرچاوەكانی بواری پیشەسازی نەوت دەڵێن: كۆمپانیاكانی نەوت لە كوردستان نەوت بە كڕیارە ناوخۆییەكان بە نرخێكی هەرزان دەفرۆشێن بەرمیلی لەنێوان (30 بۆ40) دۆلاردایە.

هەشت كۆمپانیای جیهانی بواری نەوت هەژمونیان بەسەر زۆرینەی بەرهەمی نەوتی كوردستاندا كردووە كە ئەوانیش:
DNO ASA (DNO.OL)وGenel Energy (GENL.L)، وGulf Keystone Petroleum (GKP.L)وShaMaran. Petroleum (SNM.V) و HKN Energy وWesternZagros وMOL's (MOLB.BU)و Kalegran and Hunt Oil Company.

كۆمپانیای هانت ئۆیل، كە بارەگاكەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانە، رەتیكردووەتەوە هیچ قسەیەك لەمبارەیەوە بكات، حه‌وت كۆمپانیاكەی تریش وەڵامی داواكارییەكانی رۆیتەرزیان نەداوەتەوە بۆ قسەكردن، هەروەها KAR Group یش، كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە و یاریزانی سەرەكییە لە نەوتی كوردستان.

سەرچاوەكان لە پیشەسازی نەوتی كوردستان دەڵێن: كڕیارە ناوخۆییەكان نەوتە خاوەكە لە كۆمپانیاكان دەكڕن و لەڕێی كەسانی ترەوە دەیفرۆشن، بەبێ‌ ئاگاداری كۆمپانیاكان.

زۆرینەی نەوتە گوازراوەكان بە بارهەڵگر لە سنورەكانەوە دەچێت بۆ ئێران، لەڕێی دەروازە فەرمیەكانەوە، بە دەروازەی حاجی ئۆمەران و پێنجوینیشەوە.

نەوتەكەی كوردستان رەوانەی بەندەری ئیمام خومەینی و بەندەر عەباس دەكرێت لە كەنداو، كە ئەوەش رێگایەكی كۆنە بۆ گواستنەوەی نەوتی كوردستان یان لەڕێی وشكانیەوە رەوانەی ئەفغانستان و پاكستان دەكرێت.

رۆیتەرز نەیتوانیووە زانیاری ئەوە بەدەستبهێنێت، ئێران لەبەرامبەر ئەمەدا دەستكەوتی چییە، لەكاتێكدا خۆی بەزەحمەت نەوتەكەی دەفرۆشێت بەهۆی سزاكانەوە، وەزارەتی نەوتی پاكستان و بەرپرسانی ئەفغانستانیش، رەتیانكردووەتەوە هیچ قسەیەك لەبارەی ئەم بازرگانیە بكەن.

ئەم بارزگانیە تازەترین كۆپیە لەبازرگانی دورو درێژی نەوت لە بازاڕی رەش، كە بەشێوەیەكی فروان وا تەماشاری دەكرێت، سودەكەی بۆ دەستەبژێری سیاسیە، كە پەیوەیست بوونێكی توندوتۆڵیان هەیە لەگەڵ بارزگانیدا.

دیپلۆماتكارێكی باڵا لە بەغدا رایگەیاندووە: بەرژەوەندیە سیاسیەكان وابەستەن بە بازرگانیەوە بە پلەیەك، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كە رۆژێك لە رۆژان وەك ئەولەویەت تەماشای دەكرا، لەئێستادا پاشەكشێی كردووە لە خشتەی كارەكان.

بەرپرسێكی باڵای عێراق كە ئاگاداری وردەكاری ئەم پرسەیە دەڵێت: بەغدا ئاگاداری وردەكاری پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی كوردستانە، بەڵام خۆی لە تانە لێدانی ئاشكرا دەپارێزێت، لەگەڵ هەوڵی بەرپرسان بۆ چارەسەركردنی ململانێكانی لەگەڵ هەولێر.

فشاركردن لەسەر هەولێر بۆ راگرتنی بەقاچاغبردنی نەوت، رەنگە ببێتە هۆی گەمارۆدانی هەرێم و لەهەموو سەرچاوەكانی داهات بێبەشی دەكات، كە ئەوەش رەنگە هەرەسی پێبهێنت.


PM:02:45:11/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت