قاسم ئه‌عره‌جی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتە هەولێر

‌ساتی گەیشتنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ هەرێم

وێستگه‌نیوزـ

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ی ته‌مموزی 2024، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەبارەی سنوور به‌زاندنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ رۆژی چوارشەممە 10ی ته‌مموزی 2024، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەشکرکێشی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان رەتکرایەوە و ئەنجومەنەكە داوای لە تورکیا کرد رەچاوی بنەماکانی درواسێتیی باش بکات.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە ناردنی شاندێک بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ هەولێر تا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچە سنوورییەکان بكەن.

لە بەرامبەردا یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سوورە لەسەر دروستکردنی رێڕەوێکی ئەمنی بە قووڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و سوریا.


AM:11:40:11/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت