ئه‌سما كوبه‌یسی هاوسه‌ری ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی كێیه‌ كه‌ سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌

‌ئه‌سما فه‌وزی محه‌ممه‌د ئه‌لكوبه‌یسی

وێستگه‌نیوزـ

دوای پێنج ساڵ له‌ ده‌ستگیركردنی له‌ توركیا و پاشان گواستنه‌وه‌ی به‌م دواییانه‌ بۆ عێراق، ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 10ی ته‌موزی 2024، به‌ تۆمه‌تی كاركردن له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كانی داعش، بڕیاری له‌ سێداره‌دان بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی خه‌لیفه‌ی پێشووی رێكخراوی تیرۆرستی داعش ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ده‌رچوو.

ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق، له‌ مانگی شوباتی رابردوو، رایگه‌یاند: له‌ چوارچێوه‌ی پلانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ دۆسێی تیرۆر و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن، لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی به‌غدادی ده‌ستپێكردووه‌، له‌وانه‌ بێوه‌ژنه‌كه‌ی.

چی ده‌رباره‌ی بێوه‌ژنه‌كه‌ی به‌غدادی ده‌زانین؟

*ناوی ئه‌سما فه‌وزی محه‌ممه‌د ئه‌لكوبه‌یسییه‌، نازناوی "ئوم حو‌زه‌یفه‌"ی لێنراوه‌‌، هاوژینی یه‌كه‌می سه‌ركرده‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش ئه‌بوبه‌كر به‌غدادییه‌.

*ئه‌سما ئه‌لكوبه‌یسی ته‌مه‌نی 48 ساڵه‌، له‌ ساڵی 2012وه،‌ له‌ ریفی ئه‌دلب له‌گه‌ڵ به‌غدادی ژیاوه‌، پاشان له‌ ساڵی 2014 له‌ شاری ره‌قه‌ی سوریا له‌گه‌ڵ به‌غدادی بووه‌.

*له‌ توركیا به‌ ناوێكی خواسترا و ناسنامه‌یه‌كی ساخته‌وه‌ ژیاوه‌.

*ساڵی 2019 توركیا رایگه‌یاند: له‌ ساڵی 2018 ئه‌سما و ده‌ كه‌سی دیكه‌، له‌وانه‌ له‌یلای كچی، له‌ پارێزگای هاتای هاوسنور له‌گه‌ڵ سوریا، ده‌ستگیركردووه‌.

*ئه‌سما دوای ده‌ستگیركردنی، زانیاری گرنگی له‌سه‌ر به‌غدادی و كاركردنی ناوخۆی رێكخراوی داعش ئاشكرا كردووه‌.

*دادگای تاوانی كه‌رخ له‌ عێراق، به‌ تۆمه‌تی كاركردنی له‌گه‌ڵ گروپی تیرۆریستی داعش و ده‌ستگیركردنی ژانی ئێزدی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا، سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ئه‌سما ده‌ركردووه‌.

*تۆمه‌تباركراوه‌ به‌ ده‌ستبه‌سه‌رگرتنی ژنانی ئێزیدی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا، دواتر رفاندنیان له‌لایه‌ن چه‌ته‌كانی تیرۆریستی داعشه‌وه‌ له‌ قه‌زای شنگال له‌ رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا.

*ئه‌سما ئه‌لكوبه‌یسی وا خۆی ده‌رده‌خات وه‌ك ئه‌وه‌ی قوربانییه‌كی ده‌ستی رێكخراوی داعش بێت و هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی كراون به‌وه‌ی به‌شداربووه‌ له‌و چالاكیانه‌ی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ ئه‌نجامیداون.

پێشتر ژماره‌یه‌ك له‌ ئێزیدییه‌كان، بێوه‌ژنه‌كه‌ی به‌غدادی-یان تۆمه‌تبار كردبوو به‌ به‌شداریكردن له‌ رفاندن و كۆیله‌كردنی كچانی ئێزیدی و دوایانكرد سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌ربكرێت.

یه‌كێك له‌ كچه‌ ئێزیدییه‌كان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی بی بی سی، ده‌ڵێت هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌غدادی: "به‌رپرسی هه‌مو شتێك بوو، ئه‌و كچه‌كانی هه‌ڵده‌بژارد: ئه‌مه‌یان بۆ خزمه‌تكردنی خۆی، ئه‌وه‌یان بۆ خزمه‌تكردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی. خوشكه‌كه‌ی من یه‌كێك بوو له‌و كچانه‌".

سوعاد له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌یدا، پشتی به‌ لێدوانی قوربانییه‌كانی دیكه‌ به‌ستووه‌ كه‌ رزگاریان بووه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو ماڵه‌كانیان و ده‌ڵێت: "ئه‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادییه‌، ئه‌ویش وه‌ك مێرده‌كه‌ی تاوانباره‌".

ئاشكرایه‌ رێكخراوی داعش، ساڵی 2014 شاری شه‌نگالی كرده‌ ئامانج و ژماره‌یه‌كی زۆر ئێزیدی كوشت و به‌ هه‌زارانیان به‌ره‌و شاخه‌كان رایانكرد.

داعش له‌و هێرشه‌یدا ژنان و منداڵانێكی زۆری رفاند و له‌ كه‌مپه‌كانی خۆیدا، وه‌ك دیل رایگرتن و تاوانی گه‌وره‌ی له‌ دژیان ئه‌نجامدا، له‌وانه‌ لاقه‌كردن و كڕین و فرۆشتنیان وه‌ك كۆیله‌ و تا ئێستاش به‌ هه‌زاران ئێزیدی بێسه‌روشوێنن.

ئه‌مریكا له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2019 رایگه‌یاند له‌ بۆردومانێكی شه‌وانه‌دا، بۆ سه‌ر باكوری خۆرئاوای سوریا و له‌ دووری چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ سنوری توركیا، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی كوشتووه‌.


PM:11:00:10/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو