ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی عێراق هێرشەکانی تورکیا لەناو عێراق و هەرێم رەتدەکاتەوە

‌دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

وێستگه‌نیوزـ

ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هێرشەکانی تورکیا لەناو عێراق و هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە، بڕیاریشیدا شاندێک بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بەمەبەستی "یەکخستنی هەڵوێست".
 
ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە ژمارەیەک لە وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت، دوای کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، راگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوە، هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیاشی گەنگەشە کرد.
 
بەپێی راگەیه‌ندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا دیارترین بابەت و پێشهاتە ئەمنییەکانی خشتەی کار باسکراون لەسەروویانەوە، "دەستوەردان و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان".
 
هەروەها هاتووە، "جەخت کرایەوە لەسەر رەتکردنەوەی هاتنەناوەوەی سەربازیی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق. پێویستە لەسەر تورکیا رەچاوی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات و، لە هەر بابەتێکی ئەمنی، هاوئاهەنگیی لەگەڵدا بکات".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا شاندێک بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. ئەویش لەپێناو "ئاگاداربوون لە دۆخی گشتی و دەرکردنی یەک هەڵوێستی یەکگرتوو لەبارەی ئەو بابەتەی پەیوەندیی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە".
 
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، داوای لە سەرجەم لایەن و هێزە نیشتمانییەکان کرد پشتیوانی لە هەڵوێستی حکومەت لەوبارەیەوە بکەن.
 
ئەنجوومەنەکە دیسانەوە جەختی لەسەر هەڵوێستی عێراق کردەوە کە پشت بە دەستوور دەبەستێت، ئەویش بریتییە لە "رێگەگرتن لە دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەی، یان بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەوەی ببێتە دەرچەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ".
 
هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، بەرگری، داد، دارایی، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەرپرسانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنی و سەربازییەکان بەشداریان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
 
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە لە سنووری قەزای ئامێدی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە روویداوە و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان خێزان تا ئێستا ئاواره‌بوون.
 


PM:10:42:10/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت