به‌غدا داوای زیاتر له‌ ترلیۆن و نیوێك دینار له‌ هه‌رێم ده‌كات


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە هەرێم دەکات، زیاتر لە ترلیۆنێک و 600 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵیان رادەست بکەن. دەشڵێت، ئەگەر پارەکە رادەست نەکەن دەبێت بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووری لە ئەستۆ بگرن.

بە گوێرەی نوسراوێک کە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی بەسەرەوەیە و ئاڕاستەی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا کراوە، داوا کراوە هەرێم داهاتی نانەوتی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ رادەستی بەغدا بکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەبێت هەرێم روونکردنەوە لەسەر ئەو 85 ملیار و 199 ملیۆن دینارە بدات کە وەک داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدادیان کردووە، چونکە بە گوێرەی خشتەی داهاتەکان کە بۆیان نێردراوە، داهاتی نانەوتی هەرێم لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ترلیۆنێک و 646 ملیار و 444 ملیۆن دینار بووە.

ئەوەش خراوەتە روو، پێویستە هەرێم ئەو بڕە پارەیە رادەست بکات، ئەگەر نا، دەبێت بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووری لە ئەستۆ بگرن.

رۆژی 27ـی ئایاری ئەمساڵ، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هه‌رێم بڵاوی کردەوە، بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری داهاتی ناوخۆیان رادەستی بەغدا کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە گوێرەی ئەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی نانەوتی هەرێم مانگانە 411 ملیار و 611 ملیۆن دینارە.


PM:08:41:10/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت