ره‌خنه‌ی له حه‌ماس گرت و ئه‌وانیش ده‌م و دانیان شكاند
وێستگه نیوزـ
ئه‌مین عابد چالاكوانێكی فه‌له‌ستینییه و له غه‌ززه داده‌نیشێت، به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسینه‌كانی له "فه‌یسبووك" كه تێیدا ره‌خنه له حه‌ماس ده‌گرێت، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه، به تووندی په‌لامار ده‌درێت و ده‌م و ددان و ده‌سته‌كانی ده‌شكێنرێت، ئه‌م گه‌نجه له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی نه‌خۆشخانه و له‌كاتی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر، په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه.
ئه‌مین عابید له په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "پێشبینی ئه‌وه‌م ده‌كرد بمكوژن.. به‌ڵام هه‌ڵه‌تان كرد كه نه‌تانكوشتم.. مادم ئه‌م دڵه لاوازه‌م لێده‌دات و ئه‌م زمانه‌م قسه ده‌كات، خۆشی له‌خۆتان نابینن به رفاندنی دانیشتوانی به‌سته‌زمانی كه‌رتی غه‌ززه كه ماوه‌ی 17 ساڵه ده‌یانڕفێنن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئێوه له كوشتنمان شه‌ریك و هاوبه‌شی ئیسرائیلی داگیركارن.. رابین و شامێر، سیاسه‌تی شكاندنی ئێسكیان ده‌رحه‌ق به گه‌لی فه‌له‌ستین به‌كارهێنا، ئێوه‌ش به‌رامبه‌ر به من، 3 جار ددان و ئێسكه‌كانی منتان شكاندووه".
ئه‌مین ئاوا كۆتایی به په‌یامه‌كه‌ی ده‌هێنێت: "تا زمان توانای قسه‌كردنی هه‌بێت و دڵ بۆ خۆشه‌ویستی فه‌له‌ستین و گه‌له‌كه‌ی لێبدات، من به‌رده‌وام ده‌بم له قسه‌كردن".
عامر به‌لعوشه هاوڕێی چالاكوانه‌كه، رایگه‌یاند زیاد له 20 پیاوی ده‌موچاو هه‌ڵپێچراو، په‌لاماریاندا، كاتێك رێبواره‌كان رێگریان كرد، ئه‌وان ته‌قه‌یان به ئاسماندا كرد و وتیان ئه‌ندامی ئاسایشی ناوخۆی حه‌ماسن و حه‌ماس تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه هیچ لێدوانێكی نه‌داوه.
عابید كه چالاكوانێكی سیاسییه، یه‌كێكه له‌وانه‌ی دوای هێرشه به‌ربڵاوه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه، له باكوری غه‌ززه مایه‌وه و ئه‌و شوێنه‌ی به‌جێنه‌هێشتووه.
هه‌ڵوێستی عابد سه‌باره‌ت به بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش به‌رپابوونی شه‌ڕی غه‌ززه له 7ی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو.
له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2022، ئه‌مین عابید ده‌ڵێت: "كوده‌تای بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌سه‌ر شه‌رعییه‌ت و له بنه‌ڕه‌تدا به‌سه‌ر خودی خۆیدا، حاڵه‌تێكی له ونبوون و نائومێدی هێناوه‌ته‌ئارا و خه‌ون و كاركردنی گه‌نجانی له‌ناوبرد، ئه‌وه‌تا كه‌رتی غه‌ززه و گه‌نجه‌كانی، هه‌مو بنه‌مایه‌كی ژیانیان له‌ده‌ستداوه و بێبشكراون له كه‌مترین پێداویستییه‌كانی ژیانێكی شایسته".
هه‌روه‌ها عابید له ساڵی 2019، به‌هۆی بارودۆخی سه‌ختی ئابوری كه‌رتی غه‌ززه، یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی یارمه‌تی رێكخستنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌و ساڵه‌ی داوه.
بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، دوای ئه‌نجامدانی هێرشی 7ی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو، له ناوه‌وه‌ی كه‌رتی غه‌ززه، روبه‌رووی ده‌نگێكی زۆری ناڕه‌زایی بووه‌ته‌وه، چونكه هه‌ندێك پێیانوایه غه‌زه‌ییه‌كان دوای ئه‌و هێرشه، باجێكی هێجگار قورسیان داوه.
ئه‌مه له كاتێكدایه ئیسرائیل له ماوه‌ی ته‌نها 9 مانگی شه‌ڕه‌كه‌دا، به‌رده‌وامه له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی له ناوه‌وه‌ی كه‌رتی غه‌ززه كه بووه‌ته هۆی كوشتنی زیاد له 38 هه‌زار كه‌س و زۆرینه‌یان هاوڵاتی مه‌ده‌نین.
PM:04:46:10/07/2024
ئه‌م بابه‌ته 14452
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت