سه‌رۆكی وڵاتێك سه‌دا 40ی مووچه‌كه‌ی خۆی كه‌مده‌كاته‌وه
وێستگه‌نیوز-
جۆزێف بواكای سه‌رۆكی لایبریا بڕیاریدا مووچه‌كه‌ی خۆی به رێژه‌ی له‌سه‌دا 40 كه‌مبكاته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه كه به وته‌ی خۆی به‌ئامانجی "دانانی بناغه‌یه‌كه بۆ حوكمڕانی به‌رپرسیارانه" له‌و وڵاته‌ی رۆژئاوای ئه‌فریقا كه به‌ده‌ست هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵییه‌وه گرفتاره.
بواكای له مانگی یه‌كی 2024دا بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ سوێندی یاسایی خوارد و به‌ڵێنیدا بارودۆخی ژیانی خه‌ڵكی لایبریا باشتر بكات و رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی به‌ربڵاو ببێته‌وه و یاسا سه‌روه‌ر بكات.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه‌دراوه كه كه‌مكردنه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه له مووچه‌ی سه‌رۆكدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی "بڕیاره‌كه‌یه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته نموونه‌یه‌ك له به‌هێزكردنی لێپرسینه‌وه‌ی حكومه‌ت و نیشاندانی هاوسۆزی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر”.
به‌پێی راپۆرتێكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی له ساڵی 2023دا، لایبریا یه‌كێكه له هه‌ژارترین وڵاته‌كانی جیهان و زیاتر له نیوه‌ی دانیشتوانی وڵاته‌كه هه‌ژارن.
هه‌روه‌ك وڵاته‌كه له ریزبه‌ندی 145ه‌مدایه له كۆی 180 وڵات له پێوه‌ره‌كانی گه‌نده‌ڵی ساڵی 2023 كه له‌لایه‌ن رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ده‌رچووه.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی كه مێژووه‌كه‌ی بۆ مانگی شوبات ده‌گه‌ڕێته‌وه، پێشتر مووچه‌ی ساڵانه‌ی بواكای 13 هه‌زار و 400 دۆلار بووه، كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌كه‌ی به‌و مانایه‌یه كه ئیتر نزیكه‌ی 8 هه‌زار و 40 دۆلار وه‌رده‌گرێت.
له فۆرمی ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌یدا كه له حوزه‌یراندا بڵاویكرده‌وه، هیچ پاداشتێكی زیادكراوی بۆ مووچه‌كه‌ی دیاری نه‌كردووه.
به‌پێی فۆڕمه‌كه، سامانه‌كه‌ی بواكای به نزیكه‌ی 970 هه‌زار دۆلار خه‌مڵێنراوه كه زۆربه‌یان له بواری خانووبه‌ره‌دا بوون.
له ساڵی 2018دا، جۆرج ویا سه‌رۆكی پێشووی لایبریا به‌له‌به‌رچاوگرتنی خراپی دۆخی دارایی وڵاته‌كه‌ی، كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌كه‌ی به رێژه‌ی له‌سه‌دا 25 راگه‌یاند.
ڕه‌خنه‌گرانی ویح، حكومه‌ته‌كه‌ی به گه‌نده‌ڵی و جێبه‌جێنه‌كردنی به‌ڵێنه‌كه‌ی بۆ باشتركردنی ژیانی هه‌ژاران تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
PM:10:08:09/07/2024
ئه‌م بابه‌ته 1848
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت