ئاوات شێخ جهناب دوا مۆڵەت دەداتە فەرمانبەران بۆ خۆتۆماركردن لە هەژماری من
وێستگهنیوزـ
ئاوات شێخ جهناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من كۆبۆوە و رایگەیاند، پرۆژەی هەژماری من هەنگاوێكی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی و ههروهك بڕیاریشیدا، "مۆڵەتی تا 1ی ئەیلولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و كارمەندانی لیوا هاوبەشەكان بدرێت".
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزهیرانی 2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری ههرێم لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من كۆبۆوە و رایگەیاند، جێبەجێكردنی پرۆژەكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی و رێگری لە سپی كردنەوەی پارەو خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانكی پێشكەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەكات.
ئاوات شێخ جهناب، رایگهیاندووه، پرۆسەی تۆماركردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە رێگای هەشت بانكی ئەهلی و حكومییەوە بەردەوامە كە سەرجەمیان لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە باوەڕ پێكراون و رەزامەندی بەشداری پرۆژەكەیان پێدراوە.
وەزیری دارایی ههرێم بڕیاریدا، "چەندین كارئاسانی زیاتر بۆ تیمەكان بكرێت تا پرۆسەكە خێراتر بكرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاری كراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانكی خۆیان، هەروەك بڕیاریشدرا مۆڵەتی تا یەك-ی ئەیلولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و كارمەندانی لیوا هاوبەشەكان بدرێت لە پارێزگای هەولێر كە تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەكە تۆمار نەكردووە".
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من دواین داتا و ئاماری پرۆژەكەیان خستەڕوو بەجۆرێك تا ئێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە پرۆژەكە تۆماركراون و نزیكەی 240 هەزار كارتی بانكیش دابەش كراوە، هاوكات ئەم مانگە زیاتر لە 50 هەزار مووچەخۆر، كە لە 135 یەكەی ژمێریاری لەسەرجەم وەزارەتەكان پێكهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەكانی داهاتوو رێژەكە بۆ دوو هێندە بەرز دەكرێتەوە.
وەزارەتی دارایی روونیشی كردوهتەوە، هاوكات تا ئێستا 94 ئامێری راكێشانی پارە لە 32 شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر دانراون و لە ئایندەیەكی نزیكدا 140 ئامێری راكێشانی پارە لەسەر تاسەری هەرێمی كوردستان دادەنرێت.
بەپێی دواین ئامارەكانیش تا ئێستا لیستی نزیكەی چوار ههزار و 500 فەرمانبەر ئاڕاستەی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) كراوە و بە چەند قۆناغێك كارتی بانكی گەڕاوەتەوە بۆ فەرمانبەران.
PM:10:17:24/06/2024
ئهم بابهته 1808
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت