وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: هه‌رچی پێویست بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی كۆچبه‌ره‌كان ده‌یكه‌ین
پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه حكومه‌ت هه‌رچی پێویست بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی كۆچبه‌ره‌كانی ئیتاڵیا ده‌یكات، ده‌شڵێت: "تیمێكی حكومه‌ت بۆ به‌داواچوونی ئه‌و دۆسێیه له ئیتاڵیان".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 20ی حوزه‌یرانی 2024 پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه "دۆسیه‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له كه‌ناراوه‌كانی ئیتاڵیا، یه‌خته‌كه‌یان نوقمبوو، بۆته كه‌یسێكی یاسایی و حكومه‌تی ئیتاڵیا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات".
پێشه‌وا هه‌ورامانی بۆ كوردستان24 ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی، ئێستا تیمێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و وڵاته‌ن".
وتیشی: "بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییه‌كان، هه‌موو ڕێوشوێنێكی پێویست ده‌گیرێته‌به‌ر له‌سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش چه‌ند ڕۆژێكی پێویسته تاوه‌كوو دۆسیه‌كانیان له دادگای ئیتاڵیا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "تیمه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له ئیتاڵیا سه‌ردانی نه‌خۆشخانه و دادگایان كردووه و ئه‌وانه‌شیان بینیوه كه له رووداوه‌كه ڕزگاربوون كه ژماره‌یان 11 كه‌سه و له‌وانه‌ش حه‌وتیان كوردن".
له‌باره‌ی ژماره‌ی قوربانییه‌كانیشه‌وه، پێشه‌وا هه‌ورامانی رایگه‌یاند كه "تاوه‌كو ئێستا ژماره‌یان 20 كه‌سه له‌وانه‌ش، شه‌ش پیاو، شه‌ش ئافره‌ت و هه‌شت منداڵن".
رۆژی دووشه‌ممه 17ی حوزه‌یرانی 2024 ره‌نج پشده‌ری، ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوانی كاروباری په‌نابه‌ران ئاشكرایكرد كه به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران كه له‌شاری بۆدڕومی توركیاوه به‌ڕێكه‌وتووه، له نزیك كه‌ناراوه‌كانی ئیتاڵیا ژێرئاو كه‌وتووه.
به گوێره‌ی قسه‌كانی پشده‌ری، 70 كه‌س له‌ناو به‌له‌مه‌كه بوون كه 35 كه‌سیان كوردن و ته‌نها 10 كه‌سیان رزگاركراون و براون بۆ نه‌خۆشخانه.
PM:11:17:20/06/2024
ئه‌م بابه‌ته 604
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت