پزشكیان له‌ میانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی نوێژی به‌ كۆمه‌ڵ چه‌ند په‌یامێك ده‌نێرێت

‌وێنه‌: سایتی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌

وێستگه‌نیوزـ

وێنه‌ی نوێژێكی به‌ كۆمه‌ڵ، به‌ ئیمامییه‌تی عه‌باس عێراقچی و به‌ ئاماده‌بوونی محه‌مه‌د جه‌واز زه‌ریف، ئه‌ندامانی ئه‌و حكومه‌ته‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ مه‌سعود پزشكیان به‌ نیازه‌ پێكیبهێنێت، ئه‌گه‌ر توانی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنێت.

مه‌سعود پزشكیان، كاندیدی ریفۆرمخوازه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئێران، وێنه‌ی به‌شداریكردنی له‌ نوێژێكی به‌ كۆمه‌ڵ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ عه‌باس عێراقچی گه‌وره‌ راوێژكاری ئه‌تۆمی ئێران، ئیمامییه‌تی نوێژه‌كه‌ ده‌كات، به‌ ئاماده‌بوونی محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و مه‌جید ته‌خت ره‌واجی یاریده‌ده‌ری حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران و ئه‌ندامی تیمی دانوسانكاری ئه‌تۆمی ئێران.

چاودێران پێیانوایه‌ پزشكیان له‌ میانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه‌وه‌، چه‌ند په‌یامێكی بۆ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ ئێران ناردووه‌، وێنه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ی پێكهاته‌ی حكومه‌تی داهاتووی ئێران ده‌كات.

هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی چاودێران، ئامانجی وێنه‌كه‌، بریتییه‌ له‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌وه‌ی ئێران ده‌یه‌وێت له‌ قه‌یرانی دۆسێی ئه‌تۆمی رزگاری ببێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دڵنیابكاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی، سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ جدییه‌.

جگه‌ له‌وه‌ وێنه‌كه‌ هه‌ڵگری به‌ڵێنێكه‌ له‌ پزشكیانه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای ئێرانی، به‌وه‌ی گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، سنوورێك بۆ قه‌یرانی ئابووری داده‌نێت.

به‌گوێره‌ی ئه‌و میدیایانه‌ی له‌ ریفۆرمخوازه‌كانه‌وه‌ نزیكن، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌م نوێژی به‌ كۆمه‌ڵه‌، پێش "كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سیاسی ته‌له‌فزیۆنی له‌سه‌ر مێزێكی خڕ" به‌ڕێوه‌چووه‌.

پزشكیان بۆ كاروباری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفی وه‌ك راوێژكار ده‌ستنیشانكردووه‌. به‌ڵام ئاماده‌بوونی عێراقچی و ته‌خت ره‌وانجی له‌ وێنه‌كه‌دا، بۆ دڵنیابوونه‌ له‌وه‌ی ئێران، به‌شداری له‌ دانوستانی ئه‌تۆمی ده‌كات، له‌و خاڵه‌ی تیایدا حكومه‌تی سه‌رۆك كۆماری پێشوو حه‌سه‌ن رۆحانی تیایدا راوه‌ستابوو.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19ی حوزه‌یرانی 2024، پزشكیان به‌ یاوه‌ری زه‌ریف، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی خوێندكارانی زانكۆی ئه‌سفه‌هان بوو له‌ ناوه‌ڕاستی تاران. به‌ڵێنی به‌ دانیشتوانی ئه‌سفه‌هاندا به‌ هاوكاری جه‌واد زه‌ریف‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌ رێكلام بۆ گه‌شتیاری بكات و وتی: "به‌ ئاماده‌یی دكتۆر جه‌واد زه‌ریف، پێویسته‌ ده‌رگاكان به‌ رووی گه‌شتیاراندا بكرێنه‌وه‌ تا سه‌ردانی ئێران بكه‌ن".

ئاشكرایه‌ شاری ئه‌سفه‌هان، به‌ یه‌كێك له‌ شاره‌ گه‌شتیارییه‌كانی ئێران داده‌نرێت و چه‌ندین مزگه‌وت و باڵه‌خانه‌ و شوێنه‌واری مێژوویی له‌خۆده‌گرێت.

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌، ئازه‌ری جه‌هه‌رمی، وه‌زیری پێشووی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی رۆحانی، وێنه‌یه‌كی خۆی له‌گه‌ڵ پزشكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. 

شایه‌نی باسه‌ ئازه‌ری جه‌هه‌رمی، له‌ بواری په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌ تایبه‌ت ئینته‌رنێت، به‌ به‌رده‌وام ره‌خنه‌ی له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی ده‌گرت.


PM:06:58:19/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 1784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت