ئه‌وقافی‌ هه‌رێم نوێترین ئاماری‌ حاجییانی‌ كۆچكردوو و بێسه‌روشوێنی‌ راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی فه‌رمی حه‌ج و عومره‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی‌ هه‌رێمی كوردستان نوێترین ئاماری‌ حاجییانی‌ كۆچكردوو و بێسه‌روشوێنی‌ راگه‌یاند، ده‌شڵێت: "پتر له‌ 20 كه‌س بێسه‌روشوێنن".


كاروان ستونی، وته‌بێژی فه‌رمی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "سه‌باره‌ت به‌ ئه‌وانه‌ی تا ئێستا گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌، له‌ كۆی 13 حاجی كورد 12 حاجییان له‌وانه‌ن كه‌ به‌ ڤیزای ساڵی حه‌جیان كردووه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ پێشووتر هۆشداریمانداوه‌ به‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ڤیزای ساڵی سه‌ردانی سعودیه‌ بكه‌ن، پێمان ڕاگه‌یاندوون له‌ ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌ ژیانیان ده‌كه‌وێته‌وه‌ مه‌ترسی و ناخۆشی و ناڕه‌حه‌تیه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرا، له‌ ڕۆژی عه‌ره‌فه‌وه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ پله‌ی گه‌رما نزیكی 50 پله‌ی سه‌دی بوو، ئه‌وانه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی شوێن له‌سه‌ر جاده‌ ئه‌م ڕۆژه‌یان ده‌كرده‌وه‌، گه‌رمایه‌كی زۆر لێیانی داوه‌ و به‌شێكی زۆریان بوراونه‌ته‌وه‌ و گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌".

وتیشی: "زۆر جار گله‌یی ئه‌وه‌مان لێده‌كرا كه‌ تێچووی حه‌ج گرانه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ ڤیزای جۆراوجۆر گه‌شتیان كردووه‌ بۆ سعودیه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی حه‌ج، تێچووی عه‌ره‌فه‌ و موزه‌ده‌لیفه‌ و مینا ناده‌ن و له‌سه‌ر جاده‌ ده‌مێننه‌وه‌، هیچ خزمه‌تگوزاریه‌كی مانه‌وه‌ و سێبه‌ر و ئاوی خواردنه‌وه‌یان نییه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی كه‌ گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن".

كاروان ستونی راشیگه‌یاند "حكومه‌تی سعودییه‌ ئاماده‌كاری كردبوو بۆ یه‌ك ملیۆن و 800 هه‌زار حاجی، به‌ڵام زیاتر له‌ 500 هه‌زار حاجی به‌ شێوه‌ی ڤیزای یه‌ك ساڵی و عومره‌ و قاچاخ چووبوونه‌ ئه‌و وڵاته‌ و قه‌ره‌باڵغیه‌كی زۆر دروستبوو هه‌تا ئه‌و هه‌موو گیانله‌ده‌ستدان و بێسه‌روشوێنبووه‌ی لێكه‌وته‌وه‌".

به‌ گوێره‌ی ئامارێكی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مساڵی حه‌جكردن، 4 هه‌زار و 685 هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وڵاتی سعودیه‌یان كردووه‌، له‌و ڕێژه‌یه‌ش هه‌زار و 700 هاوڵاتییان به‌ ڕێگه‌ی وشكانی چوون بۆ ئه‌و وڵاته‌ و 2 هه‌زار و 985 هاوڵاتیان به‌ ڕێگه‌ی ئاسمانی چوون.

هه‌روه‌ها ده‌وترێت ئه‌مساڵ سه‌دان هاووڵاتی تری هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی "ڤیزای ساڵ" و گه‌شت و عومره‌وه‌ ویستویانه‌ حه‌ج بكه‌ن، به‌ مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی پرۆسه‌كه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌ی ساڵانه‌ شانشینی سعودیه‌ ته‌نها ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی بۆ هه‌ر وڵاتێك دیاریكردووه‌، به‌مه‌ش هه‌ندێك له‌و هاووڵاتیانه‌ی هه‌رێم كه‌ ده‌یانه‌وێت حه‌ج بكه‌ن له‌ تیروپشكی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێم ناویان ناگه‌ڕێته‌وه‌ په‌نا بۆ ڕێگای تر ده‌به‌ن.

وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمی كوردستان دوێنێ ڕایگه‌یاند له‌رێگه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عه‌مره‌ی كوردستان رێكه‌وتنیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ كونسوڵی عێراق له‌وڵاتی سعودیه، بۆ دۆزینه‌وه‌ و سۆراغكردنی ئه‌و هاوڵاتیانه‌. وه‌زاره‌ته‌كه‌ داواشیكردووه‌ كه‌سوكاری ونبووان په‌یوه‌ندییان پێوه‌ بكه‌ن.

یه‌كێك له‌و حاجییه‌ كوردانه‌ی كه‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ له‌ موزده‌لیفه‌ی سعودییه‌ ونبووه‌ و كه‌سوكاره‌كه‌ی به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێن ناوی قادر ڕۆسته‌مه‌.

كۆسار قادر كوڕی قادر ڕۆسته‌م به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "باوكم له‌گه‌ڵ دایكم به‌ ڤیزای ساڵی گه‌شتیان كردبوو وه‌ك ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌، به‌ڵام ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ له‌ دایكم و هاوڕێكانی دابڕاوه‌ و ئێستا بڵاومان كردووه‌ته‌وه‌".

كۆسار قادر داوایكرد "هه‌ر كه‌سێك زانیاری له‌سه‌ری هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ بكات".

تێچووی حه‌جی فه‌رمی ئه‌مساڵ له‌ڕێگای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ هه‌ر هاووڵاتیه‌ك به‌ وشكانی بڕی 5 ملیۆن و 300 هه‌زار دیناری عێراقی بوو، به‌ ڕێگه‌ی ئاسمانی بۆ هه‌ر هاووڵاتیه‌ك 6 ملیۆن و 350 هه‌زار دینار بوو و تێچووی گشتی ڕێوڕه‌سمه‌ ئاینییه‌كه‌ زیاتربوو له‌ 27 ملیار و 964 ملیۆن دینار كه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ 19 ملیۆن و 286 هه‌زار دۆلار، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خه‌رجی ئه‌و حاجیانه‌ی كه‌ به‌ ڕێگای وه‌رگرتنی فیزای ساڵی و گه‌شتیاری و عه‌مره‌وه‌ حه‌جیانكردبوو.


PM:07:42:18/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 4772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو