چوار مامۆستای زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی له‌ چین درانه‌به‌ر چه‌قۆ


وێستگه‌نیوز-
زانكۆی كۆرنێل رایگه‌یاند له‌ روداوێكی چه‌قۆ وه‌شاندن له‌ پاركێكی گشتی له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی چین، 4 مامۆستای زانكۆكه‌یان برینداربوون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11ی حوزه‌یرانی 2024، زانكۆی كۆرنێل كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ویلایه‌تی ئایۆوای‌ ئه‌مریكا، پشتڕاستیكرده‌وه‌ كه‌ 4 مامۆستای زانكۆكه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ زانكۆیه‌كی چین، له‌ وڵاتی چین بوون و له‌ پاركێكی گشتی شاری جیلین له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌، له‌ كاتی گه‌ڕانێكی رۆژانه‌دا، تووشی رووداوێكی مه‌ترسیدار بوون.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌ڵمانیا، جۆناسان براند سه‌رۆكی زانكۆی كۆرنێل رایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندیمان به‌ چوار مامۆستاكه‌وه‌ كردووه‌ و ئا له‌م كات و ساته‌دا، یارمه‌تییان ده‌ده‌ین. خوێندكاران به‌شداری له‌م پرۆگرامه‌دا ناكه‌ن".

به‌ پێی راپۆرته‌ میدیاییه‌كان، ئه‌و چوار مامۆستایه‌، له‌ پاركی بیشان-ی شاره‌كه‌، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، دراونه‌ته‌ به‌ر چه‌قۆ. تا ئێستا هۆكاره‌كانی پشت ئه‌و هێرشه‌ نه‌زانراوه‌، هه‌روه‌ها نازانرێت دۆخی ته‌ندروستی قوربانییه‌كان چۆنه‌ و وته‌بێژێك ده‌ڵێت وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وی ئه‌مریكا له‌ رووداوه‌كه‌ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی چین، بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م، كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی قوربانییه‌كان بڵاوكرانه‌وه‌، تێیدا له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ كه‌وتوون و جه‌سته‌یان خوێناوی دیاره‌. وا پێده‌چێت به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "ویبیۆ"ی چینی، وێنه‌كان سڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌وه‌، چیتر میدیاكانی چین، باسی ئه‌و رووداوه‌یان نه‌كردووه‌.

ئه‌م هێرشه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مریكا و چین كه‌ دوو گه‌وره‌ ئابووری جیهانن، كارده‌‌كه‌ن مه‌سه‌له‌ی ئاڵوگۆڕی نێوانیان په‌ره‌پێبده‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌دا دێت كه‌ بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی نێوانیان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی خراوه‌ته‌گه‌ڕ.

له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی رابردوو، ژماره‌ی ئه‌و ئه‌مریكیانه‌ی له‌ چین ده‌یانخوێند، زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌، له‌ حاڵی حازردا نزیكه‌ی 300 هه‌زار خوێندكاری چینی له‌ ئه‌مریكا ده‌خوێنن. به‌ڵام كه‌متر له‌ 900 ئه‌مریكی له‌ چین ده‌خوێنن.




PM:03:58:11/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت