راپۆرتێك ناوه‌رۆكی هه‌ندێك له‌ نامه‌كانی یه‌حیا سنوار ئاشكرا ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
رۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جورناڵ"ی به‌ریتانی، باس له‌وه‌ ده‌كات یه‌حیا سنوار سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌، كۆمه‌ڵێك نامه‌ی بۆ فه‌رمانده‌ سیاسییه‌كانی حه‌ماس و نێوه‌ندگره‌كان ناردووه‌، له‌ نامه‌كاندا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ زیادبوون و به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی "قوربانیدانێكی پێویسته‌".

یه‌حیا سنوار سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌ له‌ نامه‌كانیدا ده‌ڵێت كه‌ "به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری ژماره‌ی كوژراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، له‌سه‌ر ئاستی جیهان فشاری زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر ئیسرائیل. سه‌ركه‌وتنی بنیامین ناتانیاهۆ له‌ شكست خراپترده‌بێت. هه‌روه‌ها هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر ره‌فه‌ح، سه‌یران و گه‌شت نابێت.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ناوبراو، ئامانجی سنوار گه‌یشتنه‌ به‌ ئاگربه‌ستێكی هه‌میشه‌یی كه‌ رێگه‌ به‌ حه‌ماس ده‌دات سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئیسرائیلدا رابگه‌یه‌نێت.

سنوار له‌ نوێترین نامه‌یدا، بۆ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی حه‌ماس كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی قه‌ته‌ر و میسر بگه‌نه‌ رێكه‌وتن ده‌ڵێت: "ئێمه‌ ئیسرائیلمان خستووه‌ته‌ ئه‌و قوژبنه‌ی كه‌ ده‌مانه‌وێت".

له‌ ده‌یان نامه‌دا كه‌ رۆژنامه‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، یه‌حیا سنوار وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ "له‌ به‌رامبه‌ر ژیانی مرۆڤه‌كان زۆر خوێنسارده‌" و سنوار پێیوایه‌ له‌ به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕه‌كه‌دا، ئیسرائیل زیانی زیاتری لێده‌كه‌وێت تا حه‌ماس.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ بۆردومانێكی ئیسرائیل 3 كوڕی ئیسماعیل هه‌نیه‌ كوژران، سنوار له‌ به‌رواری 11 نیسانی رابردوو، نامه‌یه‌ك بۆ رابه‌ری سیاسی بزووتنه‌وه‌كه‌ هه‌نیه‌ ده‌نووسێت و تێیدا ده‌ڵێت: "مردنی ئه‌وان و مردنی فه‌له‌ستینییه‌كانی دیكه‌، وا ده‌كات ژیان به‌ ده‌ماره‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ ببه‌خشێت و به‌ره‌و هه‌ڵكشان و نه‌مری و شه‌ره‌ف هانیان ده‌دات".

سنوار به‌ نێوه‌ندگیره‌ عه‌ره‌به‌كانی راگه‌یاندووه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌ هیچ رێكه‌وتنێك رازی نییه‌، ته‌نها به‌ ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی نه‌بێت.هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌: "چه‌ك دانانێت و واژۆ له‌سه‌ر هیچ پێشنیارێك ناكات ئه‌و داوایه‌ی تێدابێت".


PM:02:35:11/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 1776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت