خه‌ندان جه‌زا: هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانی له‌ناوونیشانی دكتۆرانامه‌یه‌كدا به ئاستی زۆرباشی باڵا په‌سه‌ندكرا
وێستگه‌نیوز-
خانمه نووسه‌رێك و چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سلێمانی ئاگادار ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی "هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانی له‌ناوونیشانی دكتۆرانامه‌یه‌كی كۆلیژی زماندا، به ئاستی زۆرباشی باڵا په‌سه‌ندكرا!".
خه‌ندان جه‌زا خانمه نووسه‌رێك و چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سلێمانی كردووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه "ڕۆژی (9/6/2024)، له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك؛ له‌چه‌ندین واڵه‌وه بابه‌تێكم به‌رچاوكه‌وت، كه بریتی‌بوو له‌پێدانی پله‌ی (زۆرباشی باڵا)، به تێزی دكتۆرای خوێندكارێك، به ناوی (بێستون عادل عه‌لی)، له‌كۆلیژی زمان - به‌شی زمانی كوردی، له‌زانكۆی سلێمانی؛ به ناوونیشانی (گوتاری نه‌ته‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی له‌بیری (خانی – حاجی)دا".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "سه‌رپه‌رشتیاری تێزی دكتۆراكه؛ پرۆفیسۆرێكی یاریده‌ده‌ره، هاوكات یه‌كێكیشه له ئه‌ندامانی لیژنه‌ی گفتوگۆی دكتۆرانامه‌كه، هه‌روه‌ها پێنج ئه‌ندامی لیژنه‌ی گفتوگۆی تێزی دكتۆراكه‌ش؛ بریتین له‌چوار پرۆفیسۆر و یه‌ك پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر، هه‌ر شه‌شیشان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆران له‌ئه‌ده‌بدا".
ئه‌و خانمه نووسه‌ره سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و ژماره زۆره پرۆفیسۆره له بواری ئه‌ده‌بدا، ئه‌م سێ تێبینییه‌ی له‌سه‌ر نامه‌ی دكتۆراكه و په‌سه‌ندكردنی به پله‌ی زۆرباشی باڵا خستووه‌ته‌ڕوو:
1- گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ناوه‌رۆك و زمانه‌وانی له‌ناو ناوونیشانه‌كه‌دا هه‌یه و بڕوانامه‌كه‌شیان په‌سه‌ند كردووه به ئاستی زۆر باشی باڵا؛ ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین بڕگه‌ی (نه‌ته‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی) له‌و ناوونیشانه‌دا هه‌ڵه‌یه؛ هه‌ردوو وشه‌كه یه‌ك ما‌نایان هه‌یه، وشه‌ی ناسیۆنالیزم كه له‌زمانی ئینگلیزیه‌وه وه‌رگیراوه؛ به مانای نه‌ته‌وه دێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕسته‌یه به ته‌واوه‌تی بكه‌ین به كوردی ئه‌كاته (گوتاری نه‌ته‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌بیری (خانی – حاجی)دا) !
2- له‌بواری توێژینه‌وه‌ی زانستیدا؛ پێویسته بابه‌تێك دیاریبكرێت بۆ توێژینه‌وه؛ تازه بێت و توێژه‌ر به ماندووبوونی خۆی به‌رهه‌می هێنابێت؛ له‌ڕابردوودا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته چه‌ندین نامه‌ی ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه و وتار بڵاوكراوه‌ته‌وه، بۆ نموونه دكتۆرانامه‌ی دووه‌می ڕه‌وانشاد دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ؛ كه به زمانی ڕووسی له‌سه‌ر (ئه‌حمه‌دی خانی) بوو؛ ناوونیشانه‌كه‌ی به‌م جۆره بوو؛ (ئه‌حمه‌دی خانی ١٦٥٠ – ١٧٠٧ - شاعیر و بیرمه‌ند، فه‌یله‌سوف و سۆفی) و كراویشه به كوردی و بڵاوكراوه‌ته‌وه، جێی ئاماژه‌یه دكتۆر عیزه‌دین له‌م تێزی دكتۆرایه‌یدا، به توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیی ورد؛ سه‌لماندویه‌تی كه (ئه‌حمه‌دی خانی)، بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفێكی بواری به‌رهه‌مهێنانی بیروباوه‌ڕی ناسیۆنالیزمیی كوردیه، ئیتر چ پێویست ئه‌كات توێژه‌رێكی تر هه‌مان بابه‌ت دووباره بكاته‌وه، به بێ گۆڕانگاری له‌ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی توێژینه‌وه‌كه‌دا. پێویست بوو بابه‌ت و ناوونیشانێكی تری تازه، ئاراسته‌ی ئه‌و خوێندكاره بكرایه، ئه‌م ڕه‌خنه‌یه زیاتر به‌رۆكی مامۆستای سه‌رپه‌رشتیار و لیژنه‌ی دیاریكردنی بابه‌ته‌كانی نامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا ئه‌گرێته‌وه؛ ئه‌گه‌ر زانكۆ ئه‌م لیژنه‌یه‌ی هه‌بێت!.
3- بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاره به‌ڕێزه‌كه بتوانێت تێزی دكتۆراكه؛ له‌ڕووی قه‌باره و ژماره‌ی لاپه‌ڕه و كۆی ژماره‌ی به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌ی پێویست به ئاسانی جێبه‌جێبكات؛ هه‌مان بابه‌ت بۆ یه‌ك مه‌به‌ست و بۆ دوو شاعیر ته‌رخانكردووه، دیاره ئه‌مه‌ش كارئاسانی تیایه بۆ مامۆستای سه‌رپه‌رشتیار، تێزی له‌و جۆره مه‌گه‌ر له‌و زانكۆیانه‌دا ئاماده‌كرا بێت؛ كه ئاستی زانستی و ئه‌كادیمیان زۆر نزم و دانپیانه‌نراو بێت، ئه‌كرا ناوونیشانی تێزه‌كه به‌م جۆره بووایه؛ (گوتاری نه‌ته‌وه‌یی له‌ئه‌ده‌بی كلاسیكی كوردیدا - به‌راوورد له‌نێوان بیری (خانی – حاجی قادر)دا)، یان (گوتاری ناسیۆنالیزمی كوردی له‌شیعری كلاسیكی كوردیدا - له ئه‌حمه‌دی خانیه‌وه بۆ حاجی قادری كۆیی)، یان هه‌مان ناوونیشانی خۆی، به‌ڵام پاش لابردنی یه‌كێك له‌و دوو وشه دووباره‌بووه‌وه.
PM:01:18:11/06/2024
ئه‌م بابه‌ته 12000
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت