ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی نه‌وت: عێراق و هه‌رێم له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی‌ نه‌وت رێكنه‌كه‌وتوون


وێستگه‌نیوز-
ئه‌ندامێكی كوردی‌ لیژنه‌ی نه‌وت و غازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی عێراق پێویستی به‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، به‌و پێیه‌ی ته‌واوی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی ڕێكخراوی ئۆپیك بۆی دیاریكردووه‌ ئێستا هه‌نارده‌ی ده‌كات.


دكتۆر ئاسۆ فه‌ره‌یدون، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و غازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت كه‌ "رێكخراوی‌ ئۆپیك دوو ملیۆن و 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی بۆ عێراق دیاریكردووه‌ تا بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ناوخۆ به‌كاری بهێنێت، ئێستا عێراق ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت و پێویستی به‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم نییه‌".

وتیشی‌: "ئه‌گه‌ر عێراق نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات كێشه‌ی بۆ دروست ده‌بێت، ده‌بێت ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی ناوچه‌كانی تر كه‌مبكاته‌وه‌، له‌كاتێكدا نه‌وتی ناوچه‌كانی تر به‌راورد به‌ نه‌وتی هه‌رێم نرخه‌كه‌ی گرانتره‌ و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌شی ئاسانتره‌".

له‌ كۆتایی مانگی سێی ساڵی 2023ه‌وه‌، ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌ ڕاگیراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی سكاڵایه‌كی عێراقی له‌ دژی توركیا سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتنێكی پێشووی نێوانیان یه‌كلایی كرده‌وه‌ و بڕیاریدا به‌ نایاسایی بوونی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی عێراق.

دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ ساڵێك و دوو مانگ به‌سه‌ر ڕاگرتنی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌، هێشتا ده‌ست به‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ كێشه‌ی نێوان عێراق و ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌ی پێشتر گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌بووه‌ له‌سه‌ر نرخی ده‌رهێنانی نه‌وت ده‌گێڕدرێته‌وه‌.

له‌ ئێستادا وه‌فدێكی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌ به‌غدان بۆ گفتووگۆكردن له‌سه‌ر كرێی ده‌رهێنانی نه‌وت له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌وه‌ كه‌ گرێبه‌ستییان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه‌، به‌ڵام هێچ ڕێككه‌وتنێك ئه‌نجامنه‌دراوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم بۆ به‌غدا كه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند كه‌ "وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم رێكنه‌كه‌وتوون، چونكه‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان داوای نزیكه‌ی 25 دۆلار ده‌كه‌ن بۆ ده‌رهێنانی به‌رمیلێك نه‌وت، له‌كاتێكدا لایه‌نی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق داوایانكردووه‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 6 دۆلار ده‌ربهێنن تا ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێم ڕێكده‌كه‌ون".

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت كه‌ "ڕاوێژكاره‌كانی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری وزه‌ هه‌تا ڕاده‌یه‌ك ڕازی بوون كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم به‌رمیلێك نه‌وت به‌نزیكه‌ی 20 دۆلار به‌رهه‌م بهێنن، به‌ڵام شاره‌زا ته‌كنییه‌كانی ناو وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌مه‌ ڕازی نین".

له‌ ئێستادا كه‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ناكرێت، ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌ی گرێبه‌ستییان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه‌ به‌رده‌وامن له‌ ده‌رهێنانی نه‌وت به‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌متر له‌ جاران و نه‌وتی ده‌رهێنراو له‌ ناوخۆدا ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ دكتۆر ئاسۆ فه‌ره‌یدون، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "به‌ڵێ ڕاسته‌ وه‌فدی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ ئاماده‌بوونی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم ڕێكنه‌كه‌وتوون".

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وكاته‌ی سه‌ربه‌خۆیانه‌ نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرد و ده‌یفرۆشت، ڕۆژانه‌ 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی له‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرد. هه‌روه‌ها ڕۆژانه‌ 75 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوكیش هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرا.

دكتۆر ئاسۆ فه‌ره‌یدون راشیگه‌یاند كه‌ "نه‌وتی هه‌رێم له‌ ناوچه‌ی شاخاوی ده‌رده‌هێنرێت، له‌كاتێكدا نه‌وتی به‌سره‌ و خوارووی عێراق له‌ناوچه‌ی ده‌شتایی ده‌رده‌هێنرێت، بۆیه‌ كواڵێتی نه‌وتی ناوچه‌ی ده‌شتایی باشتره‌ و هه‌نارده‌كردنیشی ئاسانتره‌".

وتیشی: "نرخی ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ ناوچه‌ی شاخاوی گرانتره‌ له‌ناوچه‌ی ده‌شتایی، بۆیه‌ عێراق خۆشی ناتوانێت به‌ نرخی نه‌وتی به‌سره‌، نه‌وت له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم ده‌ربهێنێت. پاشان نه‌وتی یه‌ده‌گی عێراق زۆر زیاتره‌ له‌ یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر نرخی ده‌رهێنانی نه‌وت هه‌یه‌ و كه‌می یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم واده‌كات كۆمپانیاكان گرانتر نه‌وت به‌رهه‌م بهێنن".

به‌پێی یاسای بودجه‌ی عێراق كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌، حكومه‌تی عێراق سه‌رپه‌رشتی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات و عێراق پابه‌نده‌ به‌ دابینكردنی پشكه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ هه‌رێم جارێ گرفتی ڕاگرتنی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی نه‌بێت.

دكتۆر ئاسۆ فه‌ره‌یدون ده‌شڵێت، "دۆسیه‌ی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم و ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆران دوو دۆسییه‌ی جیاوازن، گه‌ر نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده‌ش نه‌كرێت عێراق مووچه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌كات".


AM:09:09:11/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت