ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه: به‌هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌وه مه‌ترسی خۆپیشاندان دروستنه‌بووه
لیوا روكن به‌ختیار ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هه‌مان میكانیزمی مانگی ڕابردوو كۆدی مووچه‌ی هێزه‌كانیان له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی داراییه‌وه ناردووه بۆ به‌غدا، ده‌شڵێت كه "دواكه‌وتنی مووچه‌ی هێزه‌كانیان كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ده‌روونی و ژیانی و پابه‌ندییه‌كانیان ده‌بێت".
لیوا روكن به‌ختیار ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به ده‌نگی ئه‌مریكای وت كه "ئه‌وه‌ی من به‌دواداچوونم بۆ كردووه رێكه‌وتنه‌كه وایه كه وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم لیسته‌كه بنێرێت بۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، چاودێری دارایی هه‌رێم و عێراق وردبینی بكه‌ن ئینجا مووچه‌كه بنێرن".
وتیشی: "داتای ته‌واومان له وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم هه‌یه. ئه‌وه‌ی ئێمه ئاگادار بین حكومه‌تی هه‌رێم وه‌كو مانگی رابردوو كۆده‌كانی ناردووه، چونكه مانگی رابردوو مووچه‌كانمان به كۆد بوو، دوای وردبینی له‌لایه‌ن به‌غداوه مووچه‌كه ده‌نێرن. تا ئێستا به‌غداد هیچ تێبینیه‌كی نه‌بووه".
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه باسی له‌وه‌ش كرد كه "دواكه‌وتنی مووچه بۆ ماوه‌ی نزیكی 50 ڕۆژ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر دۆخی پێشمه‌رگه ده‌بێت".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "ته‌نها سه‌رچاوه‌ی پێشمه‌رگه مووچه‌كه‌یه‌تی، نه‌هاتنی مووچه كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی پێشمه‌رگه ده‌بێت، هه‌م له ڕووی ده‌روونی هه‌م له ڕووی ژیانی".
وتیشی: "كه مووچه دواده‌كه‌وێت كار له‌سه‌ر ئیلتیزامه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك كێشه تا ئێستا نه‌بووه و مه‌ترسی خۆپیشاندانیش دروست نه‌بووه چونكه پێشمه‌رگه هێزێكی به دیسپلینه".
دواكه‌وتنی مووچه له كاتێكدایه هه‌ندێك زانیاری نافه‌رمی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌ردوو یه‌كه‌كانی حه‌وفتا و هه‌شتا ده‌ستیانكردووه به تۆماركردنی ناوی پێشمه‌رگه‌ی نوێ. ئه‌مڕۆش په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه ساڵح له خولی پێشووی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، له ئه‌كاونتی خۆی له فه‌یسبووك نوسیویه‌تی، "هه‌ریه‌كه له هێزه‌كانی حه‌فتا و هه‌شتا نزیكه‌ی 20 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی نوێیان به مووچه‌ی نزیكه‌ی ملیۆنێك دامه‌زراندووه و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمیش ئه‌م مانگه لیستی مووچه‌ی به 970 ملیار ناردووه له كاتێكدا مانگی ڕابردوو ته‌نها 950 ملیار بووه".
لیوا به‌ختیار بێ ئاگایی خۆی له‌و بابه‌ته ڕاگه‌یاند و وتی،" ئێمه ئاگاداری دامه‌زراندن نین و وه‌ك وه‌زاره‌تیش دامه‌زراندن نییه له وه‌زاره‌ته‌كه‌مان".
هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 2016وه جگه له دابینكردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانه بۆ ئه‌و لیوایانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن، له هه‌مانكاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سه‌ربازی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن به مه‌به‌ستی یه‌كگرتنه‌وه و ڕێكخستنه‌وه‌یان.
له ئێستاشدا هاوكاریه‌كانی هاوپه‌یمانان كه‌مكراوه‌ته‌وه بۆ 15 ملیۆن دۆلاری مانگانه، به پێی لێكتێگه‌شتنی هاوبه‌شی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانانیش بێت مانگی 10ی ئه‌مساڵ بودجه‌كه كه‌مده‌كرێته‌وه بۆ 10 ملیۆن دۆلار.
لیوا به‌ختیار ده‌ڵێت: "ئه‌و 15 ملیۆن دۆلاره‌ی هاوپه‌یمانان ده‌ینێرن بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له نیوه كه‌متری مووچه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی وه‌زاره‌ت پێكده‌هێنێت و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم مانگانه كورتهێنانه‌كه پڕده‌كاته‌وه".
ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌مڕۆ سه‌میر هه‌ورامی، وته‌بێژی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد كه "حكومه‌تی هه‌رێم له‌هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربازی و ئه‌منی ژماره‌یه‌ك ناوی ئاماده كردووه نه‌ك كۆد، ئه‌م ناوانه ره‌وانه‌ی عێراق ده‌كرێن تا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌مه مووچه‌ی كه‌رتی سه‌ربازی هه‌رێم ره‌وانه بكرێت".
ڕۆژی 15ی مانگی پێنج وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند 443 ملیار دیناری له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه بۆ نێردراوه. هه‌مان ڕۆژ وه‌زاره‌تی دارایی خشته‌ی مووچه‌ی كه‌رتی گشتی بۆ مانگی چوار بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام به‌بێ لیستی به‌شێكی زۆر له هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم و یه‌كه‌كانی حه‌فتا و هه‌شتای پێشمه‌رگه به هۆی نه‌ناردنی مووچه‌كانیان له‌لایه‌ن به‌غداوه.
PM:11:06:28/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 4116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت