سه‌لاحه‌دین به‌هادین: هه‌ژماری من فێڵێكی تیایه‌

‌سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو

وێستگه‌نیوزـ

سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت گۆڕانكاری له‌ هه‌رێم روو ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام دوایده‌خه‌ن ترسیان له‌و گۆڕانكارییه‌ هه‌یه‌، له‌ باره‌ی هه‌ژماری منیشه‌وه‌ ده‌ڵێت، "هه‌ژماری من فێڵێكی تیایه‌".

سه‌لاحه‌دین به‌هادین، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: پرۆسه‌ی سیاسی له‌رزیوه‌ له‌ جێگه‌ی خۆی نه‌ماوه‌، ئێمه‌ گرێیه‌كان كه‌ به‌ ده‌ست ده‌كرانه‌وه‌ ئێستا خراونه‌ته‌ ددان، دانیش خه‌ریكه‌ ده‌شكێت، "به‌داخه‌وه‌ ناوماڵی خۆمان له‌ ئاستی پێویستدا نییه‌، هه‌ڕه‌شه‌ش زۆره‌، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ گه‌وره‌كه‌ ناكۆكی ناوخۆییه‌".

وتیشی: "كه‌س قسه‌ی كه‌س ناخوێنێته‌وه‌ و كه‌س حساب بۆ كه‌س ناكات، هه‌ر كه‌سه‌ ده‌یه‌وێ وابزانێ پاڵه‌وانی ساحه‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ هه‌موومانه‌وه‌ ره‌نگه‌ شتێكمان لێ به‌رهه‌م بێت، به‌ڵام تاكه‌ تاكه‌ هیچی لێ به‌رهه‌م نایات جۆرێكه‌ له‌ سه‌رشۆری و زه‌لیلی".

له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم كه‌ ئێستا ناكرێت، سه‌لاحه‌دین به‌هادین وتی، "ئه‌وه‌ ناكرێت چونكه‌ بێ سوود بووه‌، ئێمه‌ یه‌كێكین له‌وانه‌ی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ناچین، چونكه‌ ئه‌زموونی پێشوومان هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند جارێك چووینه‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كان بێ سوود بووه‌، شتی بێ سوودیش دووباره‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌".

له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌شداری حزبه‌ ئیسلامییه‌كان كه‌ ئایا به‌ یه‌ك لیست به‌شداری ده‌كه‌ن یان نا، سه‌لاحه‌دین به‌هادین وتی: "هه‌ر لایه‌نه‌و به‌ جیا به‌شداری ده‌كات، له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ش فێڵێك بێت".

به‌ وته‌ی ئه‌منیداری گشتی یه‌كگرتوو، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت گۆڕانكاری روو ده‌دات، وه‌ك وتی: "ئه‌وانه‌ش كه‌ رێگری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن هه‌ر له‌و گۆڕانكارییه‌ ده‌ترسن".

له‌ باره‌ی (هه‌ژماری من)ه‌وه‌ وتی: "هه‌ژماری من فێڵێكی تیایه‌ چونكه‌ حكومه‌ت زۆر باسی ده‌كات".


PM:08:43:22/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 1576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت