له نێوان گیان له‌ده‌ستدانی ره‌ئیسی و كوشتنی سوله‌یمانی، نهێنی "مستیله‌كه" چییه؟
وێستگه‌نیوز-
هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێران، تووشی ڕوداوێك هات و بووه هۆی گیانله‌ده‌ستانی. له نێو ئه‌و په‌شێوی و وێرانه‌یه‌دا، دۆزینه‌وه‌ی مستیله‌كه‌ی سه‌رۆك كه نه‌خشێكی تایبه‌تمه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ڵكۆڵدرابوو، ته‌نها ئامرازی سه‌ره‌كی بوو بۆ ناسینه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌ی.
رۆژی دووشه‌ممه 20ی ئایاری 2024، له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا كه میدیاكانی ئێران بڵاویانكرده‌وه، تێیدا چركه‌ساتی دۆزینه‌وه‌ی مستیله‌كه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆكی كۆچكردووی ئێران ده‌رده‌كه‌وێت، به گوێره‌ی سه‌رچاوه ئێرانییه‌كان، ئه‌و مستیله‌یه له‌لایه‌ن عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێرانه‌وه، وه‌ك دیاری پێشكه‌شی ره‌ئیسی كرابوو.
ئه‌م رووداوه، تیشك ده‌خاته‌سه‌ر گرنگی به‌رده‌وامبوونی مستیله، وه‌ك ئامرازێك بۆ ناسینه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان، له كات و ساته سه‌خت و دژواره‌كاندا، به تایبه‌ت له ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك ئێران كه مه‌یلێكی ئاینی حوكمی ده‌كات.
له ئێران مستیله بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌یه، به تایبه‌ت له نێوان سه‌ركرده ئاینی و سیاسییه‌كاندا. زۆرجار مستیلهكان له عه‌قیق یان فه‌یروز دروست ده‌كرێن و به سیمبولێكی ئاینی و رۆحی داده‌نرێن، ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دان ئه‌و دوو به‌رده گرانبه‌هایه، سیفه‌تی رۆحانییان هه‌یه، له نموونه‌ی دووربوون له ده‌رد و به‌ڵا و زه‌ره‌ر یان هێنانی به‌ختی باش.
له لایه‌نی سیاسییه‌وه، له‌ده‌ستكردنی مستیله، ره‌نگدانه‌وه‌ی پابه‌ندبوونه به نه‌ریته ئاینییه‌كان و به‌ها ئیسلامییه‌كانه‌وه. سه‌ركرده‌كانی ئێران زۆرجار ئه‌م مستیلانه، وه‌ك سیمبولی ده‌سه‌ڵات و خواپه‌رستی له‌ده‌ست ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌م ره‌وایه‌تیان و هه‌م كاریگه‌ییان له كۆمه‌ڵگادا به‌هێز و پته‌وتر ده‌كات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، مستیله ده‌بێته به‌شێك له شوناسی كه‌سی و گشتی سه‌ركرده‌كه.
لێره‌وه ئه‌م جۆره مستیلانه، ته‌نها پارچه‌یه‌كی جوانكاری نین كه پێگه و ده‌سه‌ڵات نیشانده‌دات. به‌ڵكو هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ی قووڵن و چه‌ندین ئه‌ركی پراكتیكی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
له حاڵه‌ته‌كانی جه‌نگ و كاره‌ساته سروشتییهكادا، له‌وانه‌یه ناسینه‌وه‌ی جه‌سته‌ی سه‌ركرده‌كان، به‌هۆی شێواوی و تێكچوونییهوه، قورس و دژواربێت، ئا لێره‌دا گرنگی مستیلهكان دێنه‌ئاراوه كه نه‌خشی تایبه‌ت یاخود لۆگۆی تایبه‌تمه‌ندیان له‌سه‌ره و به‌هۆیه‌وه زۆر به وردیی و به‌خێرایی ناسنامه‌ی كه‌سه‌كه ده‌ناسرێته‌وه.
چه‌ندین چیرۆكی مێژوویی هه‌ن، باس له رۆڵی گرنگی مستیلهكان ده‌كه‌ن، له ناسینه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان. له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، سوارچاكه‌كان و خانه‌دانه‌كان، مستیله‌ی تایبه‌تیان هه‌بوو كه دروشمی خێزانه‌كانیانی له‌سه‌ر بووه. سه‌روه‌ختێك له شه‌ڕه‌كاندا ده‌كوژران، ئه‌و مستیلانه، یارمه‌تی لاشه‌كانیانی ده‌دا به رێز و شكۆوه بگه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ خانه‌واده‌كانیان.
نمونه‌یه‌كی دیار له‌سه‌ر رۆڵی گرنگی مستیله، كوشتنی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو له عێراق. دوای ئه‌و هێرشه ئاسمانییه‌ی له به‌غدا كرایه سه‌ر ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی، به‌هۆی ئه‌و مستیله‌یه‌ی له په‌نجه‌یدا بوو، توانرا ته‌رمه‌كه‌ی بناسرێته‌وه. ئه‌م مستیله‌یه كه ناسراو و تایبه‌تمه‌ند بوو، له نێو ئه‌و وێرانكارییه‌دا، زۆر به‌خێرایی وایكرد ته‌رمه‌كه‌ی قاسم سوله‌یمانی بناسرێته‌وه.
له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و رێگا تازه‌كان بۆ ناسینه‌وه‌ی ناسنامه، وه‌ك په‌نجه‌مۆر و ترشی DNA، پێده‌چێت رۆڵی مستیلهكان كه‌مبووبێته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێشتا مستیله وه‌ك سیمبولی ده‌سه‌ڵات و كه‌سایه‌تی، پارێزگاری له پێگه‌ی خۆیكردووه. له هه‌ندێك كه‌لتوردا، مستیله وه‌ك سیمبولی رێز و داننان به پێگه و لێهاتوویدا، پێشكه‌ش به سه‌ركرده‌كان ده‌كرێت.
PM:09:18:21/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 15036
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت