مه‌سرور بارزانی: چاوەڕێ بووین لە هەولێر پێشوازی لە سەرۆک کۆماری ئێران بکەین


وێستگه‌ نیوزـ

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵانی کرد كه‌ له‌ کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر دانرابوو.

دواتریش مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: چاوەڕێ بووین دوای چەند رۆژێکی تر لە هەولێر پێشوازی لە سەرۆک کۆماری ئێران بکەین، بەڵام بەداخەوە ئەم رووداوە دڵتەزێنە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە و هاوڕێکانیان. 

وتیشی: " هاتووین بۆ ئەوەی هاوخەمی خۆمان، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان لە ڕێگەی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاراستەی ڕابەرایەتی، سەرۆکایەتی و حکومەت و گەلی ئێران بکەین و هیوداراین ئەمە دوا ناخۆشی گەلی ئێران بێت".

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم هیواشی خواست، "ئەم ڕووداوانە ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی گەلان لە یەکتر نزیک ببن و هەموومان بتوانین پەیوەندیی باشتر لەگەڵ یەکتر دروست بکەین".

رۆژی یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، لەکاتی گەڕانەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و شاندێکی هاوڕێی كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌شی تێدا بوو، لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی بۆ پارێزگای تەبرێز، هێلیکۆپتەرەکەیان تێکشکاو دوای گەڕانێکی زۆر، به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ 20ی ئایار، میدیای فه‌رمی ئێران گیانلەدەستدانی سەرجەم سەرنشینانی ئەو هێلیکۆپتەرەی راگەیاند.


PM:04:00:21/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت