قوباد تاڵه‌بانی‌ بۆ خوشك و برا مه‌سیحیه‌كانی هه‌رمۆته‌: هاتووم تا له‌نزیكه‌وه‌ گوێبیستان بم


وێستگه‌نیوز-
جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خوشك و برا مه‌سیحیه‌كانی هه‌رمۆته‌ی‌ به‌سه‌ركرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ "هاتووم تا له‌نزیكه‌وه‌ گوێبیستان بم و هه‌میشه‌ له‌دڵه‌وه‌ نزیكی ئێوه‌بووم".

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ردانێكدا بۆ گوندی هه‌رمۆته‌ له‌سنوری كۆیه‌ له‌ ارودۆخی ژیان و گوزه‌رانی خوشك و برا مه‌سیحیه‌كانی پرسییه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 15ی ئایاری 2024 دا بۆ سنوری كۆیه‌، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ خوشك و برا مه‌سیحیه‌كان رایگه‌یاند: "به‌پێویستم زانی خۆم بێمه‌ خزمه‌تتان، دڵنیاتان ئه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌دڵه‌وه‌ نزیكی ئێوه‌بووم، چونكه‌ ده‌زانم ئێوه‌ی خزمان چه‌ند خۆشه‌ویست بوون لای خوالێخۆشبوو جه‌نابی مام جه‌لال و ده‌شزانن كه‌ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی دابووه‌ خوشك و برایانی مه‌سیحی و هه‌رمۆته‌، بۆیه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ئه‌ده‌ین به‌خۆمان كه‌ (كۆیایه‌تی و خۆیایه‌تی)ش بكه‌ین".

قوباد تاڵه‌بانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "كۆیه‌ و مێژووه‌كه‌شی هه‌میشه‌ ناسراو بووه‌ به‌و جوانییه‌ی كه‌ لێره‌ ده‌یبینم له‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌".

وتیشی‌: "هیوادارم ئه‌و نموونه‌ جوانه‌ی كه‌ ئێوه‌ توانیوتانه‌ په‌یڕه‌وی بكه‌ن، نمونه‌یه‌ك بێت بۆ هه‌موو كوردستان و عێراق".

جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، به‌خوشك و برایانی مه‌سیحی راگه‌یاند كه‌ "هاتووم تا له‌نزیكه‌وه‌ گوێبیستان بم، تا بزانین چۆن زیاتر هاوكارتان بین و خزمه‌تتان بكه‌ین و هه‌ندێ له‌و ئاسته‌نگانه‌ی هه‌تانه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ین".

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، كۆبوونه‌وه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و خوشك و برایانی مه‌سیحی هه‌رمۆته‌ به‌گفتوگۆی چڕوپڕی هه‌مه‌لایه‌نه‌ كۆتایی هات.


PM:05:31:15/05/2024




















ئه‌م بابه‌ته 660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت