ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێم له‌ به‌غدا ئاشكرا كرا

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌نیوزـ

شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا به‌شداریان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای پێداچوونه‌وه‌ به‌ خشته‌كانی یاسای بودجه‌ی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 كرد و هەردولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عێراق.


به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێم تیایدا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ چوارشەممە 15ی ئایاری 2024، بەئامادەبونی شاندی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024 لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەسەرپەرشتی د. محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان و وەزیری نەوت و وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزیری کارەباو تیمی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕێوه‌بەرە گشتیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەڕێوە چوو.    

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، لە کۆبونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی گواستنەوەو ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان  لە ناو خشتەکانی یاسای گشتی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە کرا.   

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "کۆبونەوەکە لە کەشێکی دۆستانەو بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو لە هەردولاوە  تێگەیشتنی هاوبەش و ئیجابی هەبوو بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی لەیاسای بودجەی ساڵی رابردوو دروست بوو بوو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە پارێزراو بێت".

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌، لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا هەردولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عێراق.


PM:03:44:15/05/2024












ئه‌م بابه‌ته 1032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت