لە کوڕەکەیان بێزاربوون و كردیانه‌ ژەمێک بۆ تیمساح


وێستگه‌ نیوزـ

لە هندستان دایکێک کوڕە کەمئەندامە شەش ساڵانەکەی فڕێدەداتە ناو ڕووبارێکی پڕ لە تیمساحەوە، دواتریش هەموو تاوانەکە دەخاتە ملی هاوسەرەکەی، گوایە ئەو پاڵنەری سەرەکی بووە لە ئەنجامدانی ئەم کارەیدا.

ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف هندستان” ڕایگەیاند،  بەپێی زانیارییەکان چەندین جار دایکی منداڵەکە "ساڤیتری کۆماری" 32 ساڵ، کە خەڵکی ئۆتارا کانادای سەربە ویلایەتی کارناتاکایە لە ڕۆژئاوای هیندستان، لەگەڵ  باوکی منداڵەکەدا کەناوی "راڤی کۆمار"ە و تەمەنی 27ساڵە، کەوتووەتە مشتومڕێکی توندەوە، و تێیدا زیاتر لە جارێک باوکەکە داوای کردوو، "ڤینۆی" کوڕیان کە بە کەڕ و ڵاڵی لەدایکبووە فڕێبدات.

کاتێکیش ڕۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە، بۆ جارێکیتر ئەم دوو هاوسەرە کە خاوەنی کوڕێکی تری تەمەن دوو ساڵن، دووبارە لەبارەی کوڕە گەورەکەیانەوە دەبێتە شەڕیان، ساڤیترا دووچاری خەم دەبێتەوە، هەربۆیە کوڕە کەڕ و ڵاڵەکەی دەبات و فڕێیدەداتە ناو کەناڵێکی پاشماوەوە، کە دەڕژێتە ناو ڕووباری کالی، هاوکات ئەم ڕووبارەش پڕبووە لە  تیمساح.

بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکە، دایکەکە بە پۆلیسی وتووە: "هاوسەرەکەم بەرپرسیارە" ئەو بەردەوام پێی دەگوتم با کوڕەکە بمرێت، چونکە ئەوەی دەیکات تەنها نان خواردنە، ئەگەر هاوسەرەکەم بەردەوام بووایە لەسەر ئەم ڕەفتارانەی، ئەوا کوڕەکەم چەن  بەرگەی ئەشکەنجەی دەگرت؟ بەم ئازارەمەوە بۆکوێ بچوومایە؟

هاوکات ئەو دراوسێیانەی شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوون دەسبەجێ پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کردووە، تابێن و بەیارمەتی غەواسەکانیان لە ئاوەکەدا بەدوای کوڕەکەدا بگەڕێن، بەڵام بەهۆی هاتنی شەو و تاریکبوونی ناوچەکە نەیانتوانییوە بەردەوامی بە گەڕانەکەیان بدەن، کاتێکیش بۆ بەیانی ڕۆژی یەکشەممە گەڕاونەتەوە شوێنی ڕووداوەکە، توانیویانە تەرمی منداڵەکە بدۆزنەوە کە شوێنەواری گاز بەهەموو جەستەیەوە دیاربووە.

تەرمی کوڕەکە بە سەختی بریندار بووە و دەستێکیشی لەدەستداوە، هەربۆیە ئەفسەرێکی پۆلیس ئەوەی خستووەتەڕوو، کە ڕەنگە کوڕەکە لەلایەن تیمساحێکەوا یاخود چەند تیمساحێکەوە کوژرابێت.

لە ئێستاشدا پەڕەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەم ڕووداوە کراوەتەوە، و  ئەفسەرێکی پۆلیسیش بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاندووە، کە ڕووداوەکە دۆسیەی "کوشتن" بووە، و دایک و باوکی منداڵەکەش دەستگیرکراون.


PM:02:13:08/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 55572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت