حه‌ماس: ئاگربه‌ستێك قبوڵ ناكه‌ین "وه‌ستانی هه‌میشه‌یی شه‌ڕه‌كه" له‌خۆنه‌گرێت
وێستگه‌نیوز-
به‌رپرسێكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی رایگه‌یاند كه هیچ پێشكه‌وتنێك له دانوستانه‌كاندا نییه، ئاگربه‌ستێكیش قبوڵ ناكه‌ن "وه‌ستانی هه‌میشه‌یی شه‌ڕه‌كه" له‌خۆنه‌گرێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 5ی ئایاری 2024، سه‌رچاوه‌یه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به تۆڕی هه‌واڵی "سی بی ئێس"ی راگه‌یاندووه، ئه‌و دانوستانه‌ی دوێنی شه‌ممه، له قاهیره بۆ مه‌سه‌له‌ی ئاگربه‌ستی غه‌ززه به‌ڕێوه‌چوو، هیچ پێشكه‌وتنێكی له‌خۆنه‌گرتووه.
سه‌رچاوه‌كه كه ناوی خۆی ئاشكرا نه‌كردووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستان ده‌ستپێده‌كاته‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی "سی بی ئێس"ی ئه‌مریكی رایگه‌یاند شاندێكی حه‌ماس له قاهیره‌یه بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، به‌ڵام ئیسرائیل ده‌ڵێت هیچ شاندێك نانێرێت بۆ گفتوگۆ و دانوستان، تا ئه‌و كاته‌ی حه‌ماس وه‌ڵامی تازه‌ترین پێشنیاره‌كانی ده‌داته‌وه.
دوێنی شه‌ممه 4ی ئایاری 2024، راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، به‌و تۆڕی هه‌واڵه ئه‌مریكییه‌ی وت كه "كۆتایی شه‌ڕه‌كه، له‌گه‌ڵ كۆتایی حه‌ماس ده‌بێت".
له‌م باره‌یه‌وه دوو به‌رپرسی ئه‌مریكی و سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار، به تۆڕی هه‌واڵی "سی بی ئێس"یان راگه‌یاندووه، ویلیا‌م بێرنز سه‌رۆكی ده‌زگای ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مریكا (سی ئای ئه‌ی)، رۆژی هه‌ینی به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له دانوستانه‌كان، به‌ره‌و قاهیره به‌ڕێكه‌وتووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئێواره‌ی دوێنێ شه‌ممه، به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی حه‌ماس، جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه بزووتنه‌وه‌كه: "به هیچ شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان" به ئاگربه‌ست له غه‌ززه رازی نابێت، ئه‌گه‌ر به روون و راشكاوی "راگرتنی هه‌میشه‌یی شه‌ڕه‌كه‌ی" له‌خۆنه‌گرتبێت.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی حه‌ماس كه داوای كردووه ناوی ئاشكرا نه‌كرێت، به ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ره‌نسی وتووه كه "قه‌واره‌ی زایۆنی، هه‌وڵی چوارچێوه‌یه‌ك ده‌دات، تێیدا دیله‌كانی خۆی وه‌ربگرێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه، ببه‌ستێته‌وه به كۆتاییهێنانی داگیركارییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر غه‌ززه".
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه: "حه‌ماس به هیچ شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، به رێكه‌وتنێك رازی نابێت، به روون و راشكاوی راگرتنی هه‌میشه‌یی شه‌ڕه‌كه‌ی سه‌ر غه‌ززه، له‌خۆنه‌گرێت" و بنیامین ناتانیاهۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیلی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی "خودی خۆی" كۆسپ ده‌خاته به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی گه‌یشتن به رێكه‌وتنی ئاگربه‌ست و له‌مه‌شدا حساباتی شه‌خسی خۆی هه‌یه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "حه‌ماس داوای كردووه رێكه‌وتنه‌كه، ده‌قێكی روون و ئاشكرای تێدابێت و بڵێت رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئاگربه‌ستێكی ته‌واوه‌تی و هه‌میشه‌یی. به‌ڵام ئیسرائیل تا ئێستا ئه‌م خاڵه ره‌تده‌كاته‌وه".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: "ئێمه په‌رۆشی ئه‌وه‌ین بگه‌ینه رێكه‌وتن، به‌ڵام نه‌ك به هه‌ر نرخێك بێت. هیچ رێكه‌وتنێك نابێت، بێ راگرتنی ته‌واوه‌تی شه‌ڕه‌كه و پاشه‌كشه‌ی داگیركه‌ر له ته‌واوی كه‌رتی غه‌ززه".
به‌ڵام بنیامین ناتانیاهۆ رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو، دووپاتیكرده‌وه كه "به بوونی ئاگربه‌ست یان نه‌بوونی" له‌گه‌ڵ حه‌ماس له غه‌ززه، سوپای ئیسرائیل هێرشی زه‌مینی ده‌كاته سه‌ر شاری ره‌فه‌ح و رایگه‌یاند: "بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه شه‌ڕه‌كه راده‌گرین، به‌رله‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئامانجه‌كانمان به‌دیبێت، له ئارادا نییه".
فشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سه‌ر ئیسرائیل، بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له بڕیاری په‌لاماردانی ره‌فه‌ح، تابێت زیاتر ده‌بێت. ره‌فه‌ح شارێكه ده‌كه‌وێته باشووری كه‌رتی غه‌ززه و زیاد له یه‌ك ملیۆن و نیو فه‌له‌ستینی تێدایه و به‌رپرسێكی حه‌ماس ده‌ڵێت: "جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه له‌شكركێشی بۆ سه‌ر ره‌فه‌ح سه‌یران نییه، سوپای داگیركه‌ر ئه‌گه‌ر سه‌ركێشییه‌كی له‌و جۆره بكات، ئه‌وا باجێكی زۆر قورس ده‌دات و دووچاری شكست ده‌بێت".
PM:04:04:05/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 432
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت