به‌غداد ئه‌لیه‌وم: نێچیرڤان بارزانی "رووگیره‌" له‌ راگه‌یاندنی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان


وێستگه‌ نیوزـ

سایتی به‌غداد ئه‌لیه‌وم له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاگادار، ئاشكرای كرد كه‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، فشارێكی زۆری له‌سه‌ره‌ بۆ راگه‌یاندنی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی تایبه‌ت به‌ په‌رله‌مانی كوردستان.

سه‌رچاوه‌كه‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ سایتی "به‌غداد ئه‌لیه‌وم" ده‌ڵێت: " نێچیرڤان بارزانی له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌یه‌وه‌ فشارێكی زۆری له‌سه‌ره‌ بۆ راگه‌یاندنی بڕیاری دواخستنه‌كه‌، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌یه‌وێت چه‌ند پارتێكی كوردی، داواكارییه‌كی پێشكه‌ش بكه‌ن و تێیدا داوای بڕیاری دواخستنی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ دهش‌ڵێت: "سه‌رۆك هه‌رێم له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و باڵیۆزی ئه‌مریكا، به‌ مه‌به‌ستی قایلكردنی حزبه‌ كوردییه‌كان به‌ بڕیاری دواخستنه‌كه‌ تا 10ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: " له‌ رۆژانی داهاتوودا، سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌، له‌وانه‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و حزبی شیوعی كوردستان و حزبه‌كانی دیكه‌، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو قایلكردنیان به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌".

راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان ئاشكرایان كردووه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كشانه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن و بایكۆتكردنی رایگه‌یاند، وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك دژ به‌ بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی كورسی كۆتان.

لایه‌نه‌ كوردییه‌كان پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر كورسی كۆتاكاندا گرتووه‌، به‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كه‌مینه‌كان ده‌كه‌ن، سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانن.

لای خۆیه‌وه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی‌ له‌ به‌یانامه‌یه‌كیدا رایگه‌یاند له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی كه‌ له‌ ده‌باشان سازیكرد، بڕیاریداوه‌ رێوشوێنی یاسایی و سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌ سیاسی و دیپلۆماسییه‌ گشتگیره‌كان دژ به‌ هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردن بگرێته‌به‌ر.


PM:11:56:04/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 2136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت