سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: ئه‌ردۆغان به‌رده‌وامی پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق و هه‌رێم دووپات كرده‌وه
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌رده‌وامی پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق و هه‌رێم دووپات كرده‌وه و جه‌ختی له پێویستی و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له ناوچه‌كه كرده‌وه.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "ئێواره‌ی دووشه‌ممه 2024/4/22 له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق، ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا و شاندێكی یاوه‌ری، گه‌یشته هه‌رێمی كوردستان و له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێشوازی لێكرا".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "دواتر له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌ردانی ئه‌مڕۆی سه‌رۆك ئه‌ردۆغان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراقی فیدراڵ، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له بواری ئابووری و بازرگانی و هاریكاریی ئه‌منیدا، تاووتوێ كران".
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت: "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی خواستی هه‌رێمی كوردستانی بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆماری توركیا له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی و دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه له ناوچه‌كه فاكته‌ری ئارامی و سه‌قامگیری ده‌بێت، هه‌روه‌ها سوپاسی هاوكاری و پشتگیریی توركیای بۆ هه‌رێمی كوردستان له كاته سه‌خته‌كاندا، كرد".
ئه‌وه‌ش هاتووه كه "هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له ئاماده‌یی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریی هاوبه‌شی ئابووری و بازرگانی له‌گه‌ڵ توركیادا كرده‌وه، هه‌روه‌ها باسی له ده‌رفه‌ته‌كانی كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیا توركییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا كرد و سوپاسی كردن كه له دۆخی سه‌ختی ئابووریشدا، به‌رده‌وامییان به كار و ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كان داوه".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه "لای خۆیه‌وه ئه‌ردۆغان به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌ی بۆ هاریكاریی هاوبه‌ش و بره‌ودانی زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانی له هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان نیشان دا، هه‌روه‌ها داكۆكی له پێویستی و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له ناوچه‌كه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و مسۆگه‌ركردنی مافی پێكهاته‌كان كرده‌وه".
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم راشیگه‌یاندووه كه "رێككه‌وتننامه و یاداشته‌كانی لێكگه‌یشتنی توركیا و عێراق، پاراستنی ئاسایشی سنوور، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی و چه‌ند باس و بابه‌تێكی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوون".
AM:12:05:23/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 644
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت