سەرۆک کۆماری تورکیا گەیشتە بەغدا


وێستگه‌نیوزـ

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیران و د. عه‌بدوللـه‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆده‌بێته‌وه‌،

رۆژی 20 ئەم مانگە سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرایکرد، دوای سەردانەکەی بۆ بەغدای پایتەخت، لە هەمان رۆژدا سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

دوێنێ 21ی نیسان، باسم ئەلعەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لەمیانەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق رێککەوتنێکی ستراتیژی گرنگ لەسەر پرسی ئاو واژۆدەکرێت.

وتەبێژی حکومەتی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵگری عێراقی "واع”ی روونکردەوە، سەردانەکەی ئەردۆغان لە 22ی نیساندا بۆ بەغدا بۆ واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی ستراتیژی و 20 یاداشت دەبێت، یەکێکیش لەو رێککەوتنە ستراتیژیانە لەسەر پرسی ئا و دەبێت کە چەند خاڵێکی گرنگی لە خۆ گرتووە.

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "پرسی ئاو بۆ عێراق و ئاسایش بۆ تورکیا یەکێکە لەو پرسە چارەنووسسازانەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکاندا ڕۆشناییان بخرێتە سەر، بەو پێیەی عێراق بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت و لایەنی تورکیش پێویستی بە سەقامگیرکردنی ئاساییشە لە وڵاتەکەیدا".
 
لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم سەردانە دەبێتە سەرەتایەکی گەورە بۆ پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا بەشێوەیەکی بێ وێنە، و دەبێتە سەرچاوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان عێراق و تورکیا"، ئاماژەی بەوەشکرد کە گەرەنتی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات.

ئابووری - بازرگانی - ئاسایش
ئەلعەوادی رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە کە سەردانەکە شایەتحاڵی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی چوارقۆڵی عێراقی، تورکیا، قەتەری و ئیماراتی بێت، لەسەر پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و وتی، "پرسی دووەم ڕێگای گەشەپێدانە، ئەگەری ئەوەش هەیە کە گفتوگۆکان لە میانی سەردانەکەی نێوان عێراق و تورکیا بە ئامادەبوونی وەزیرانی گواستنەوە لە وڵاتانی قەتەر و ئیمارات ئەنجام بدرێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پرسی سێیەم لەم سەردانەدا پرسی ئابوری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەبێت، چوارەمیش پرسی ئەمنییە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە، کە بە نیگەرانییەکی سەرەکی بۆ لایەنی تورکیا دادەنرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە وابڕیاربوو ساڵی ڕابردوو سەردانی عێراق بکات، بەڵام بەهۆی پێشێلکارییە ئەمنییەکانی سنووری نێوان هەردوو وڵات، و بڕیاری دادگای فەرەنسا لە مانگی ئازاری 2023 بۆ سەپاندنی بڕی 1.4 ملیار دۆلار غەرامەکردنی ئەنقەرە لە بەرژەوەندی عێراق بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکان، سەردانەکە دواخرا.

وەک رێکاری عورفی دیپلۆماسیش لە دوێنێ شەوەوە ئامادەکاری بۆ ئەم سەردانە فەرمییەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ناوچەکە کراوە، و ئاڵای وڵاتی تورکیا لە شەقامەکانی پایتەختی هەرێم و هەندێک لە شەقامەکانی بەغدایش لە رێگای فڕۆکەخانە بۆ کۆشکی کۆماری و کۆشکی سەرۆک وەزیران دانراوە.


AM:11:20:22/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت