مه‌سرور بارزانی: له‌ سایه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم میدیاكاران ته‌واو ئازادن له‌ ره‌خنه‌ گرتن

‌مه‌سرور بارزانی

وێستگه‌نیوزـ

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵیادی 126 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا رایگه‌یاند،
جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە راگەیاندنکاران لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە رەخنەگرتن.


مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی نیسانی 2024، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: لە یادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت.

مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێت، "جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە ڕاگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەم وكورتی و كەمتەرخەمییەكانی حكومەت، حکومەتیش وەک هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری رۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموو لایەک، بتوانین کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر ببەین".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "هیوادارم راگەیاندنکارانی کوردستان، ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی ڕاستییەکان و پێشخستنی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵک و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بێت".

مه‌سرور بارزانی هێمای بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌ "پێویستە میدیاکارانی کوردستان، هەمیشە لە بەرەی نیشتماندا بن و رێگە نەدەن بە ناوی رۆژنامەگەرییەوە، سووکایەتی بە بەهاکانی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بکرێت و نابێت زمانی زبر و دیاردەی ناشرینی ناوزڕاندنی خەڵک بەکار بهێنرێت".


AM:09:28:22/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت