رۆیته‌رز: 5 موشه‌ك له‌ شاری موسڵه‌وه‌ ئاراسته‌ی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له‌ سوریا كران


وێستگه‌ نیوزـ

ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌ر بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی سه‌ربه‌ شاری موسڵه‌وه‌ 5 موشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌یه‌كی ئه‌مریكا له‌ سوریا كراون و تائێستا زیانه‌كانی نه‌زانراوه‌.

ئاژانسه‌كه‌ له‌زاری دوو به‌رپرسیی ئه‌منیی عێراقه‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ موشه‌كه‌كان له‌ گوندی حه‌مه‌دئاغا سه‌ربه‌ ناحیه‌ی زومار له‌ باكوری خۆرئاوی موسڵه‌وه‌ ئاراسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازیی خه‌راب جیر، له‌ناو خاكی سوریا كراون.

به‌پێی رۆیته‌رز، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی موشه‌كه‌كانی لێوه‌ ئاراسته‌كراوه‌، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی حه‌شجی شه‌عبییه‌.

هه‌ر له‌ هه‌واڵه‌كه‌ی رۆیته‌رزدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ فرۆكه‌كانی ئه‌مریكاش ئه‌و ئۆتۆمبیله‌یان له‌ ناو خاكی عێراقدا بۆردومان كردوه‌ كه‌ موچه‌كه‌كانی گواستوه‌ته‌وه‌و تائێستاش زیانه‌كان نه‌زانراون.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ 20ی نیسانی 2024، ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌، "ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ باره‌گای هێزه‌كانی حه‌شد له‌ سه‌ربازگه‌ی كالسو له‌ قه‌زای ئه‌لمه‌شروع له‌سه‌ر ڕێگای خێرای، باكوری پارێزگای بابل روویداوه‌".

دواتریش شانه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌منی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ته‌قینه‌وه‌ و ئاگره‌كه‌ی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ كالسو له‌ پارێزگای‌ بابل چه‌كدارێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كوژراوه‌ و ژماره‌یه‌كی‌ تریش برینداربوون.


PM:11:53:21/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت