سودانی لە ئەمریكا گەڕایەوە به‌غدا


وێستگه‌نیوزـ

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەدوای سەردانە فه‌رمییەكەی بۆ ئەمریكا، ئەمڕۆ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ی نیسانی 2024، گەڕایەوە بەغدای پایتەخت.

لە ماوەی سەردانەکەیدا، سودانی لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی ئەمریکا و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئەو وڵاتە و چەندین بەرپرسی دیکەی واشنتۆن کۆبوونەوە و پرسی ئابووری و وزەی عێراق یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکان لەگەڵ بابەتى دۆلار و لابردنى سزای سەر بانکە عێراقییەکان و ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق. 

هاوکات، بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی عێراق و ئەمریکا، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سودانی، شاندی عێراق 19 گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بوارەکانی دارایی و ئابووری و وزە و تەندروستیدا واژۆ کرد.

لە بەشێکی سەردانەکەیدا سودانی کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دا و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت لەگەڵ ئەمریکادا پەیوەندییەکی گشتگیریان هەبێت کە سەرجەم کەرتەکان لەخۆبگرێت.

لای خۆشییەوە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق تایبەت و گرنگە و چەندان ساڵە پێکەوە شەڕی تیرۆریان کردووە و بەسەر گروپە چەکدارییەکاندا سەرکەوتوون و ئەو پەیوەندییەش لە رێکەوتنە ستراتیجییەکانیاندا لەبەرچاو دەگرن. وتیشی، "پابەندین بە پاراستنی بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانمان و هێزەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عێراقیشەوە".

لەلایەکی دیکەوە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکەی عێراق گرێبەستێکى 500 ملیۆن دۆلارى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا واژۆ کردووە بۆ پەرەپێدانى هێزە سەربازى و ئەمنییەکانى عێراق.




PM:04:49:20/04/2024








ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت