ئیسرائیل بڕیاری‌ دا وه‌ڵامی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ ئێران بداته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانیان له‌ كات و شوێنی گونجاودا وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی‌ ئێران ده‌ده‌نه‌وه‌.


دانیال هاگاری‌ وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل دوای سه‌ردانیكردنی بنكه‌ی سه‌ربازی نیڤاتیم كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هێرشی‌ كرایه‌سه‌ر، به‌ یاوه‌ری هێرزی هه‌لێڤی، سه‌رۆك ئه‌ركانی ئیسرائیل، وتی: "له‌ دیمه‌شق ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كرده‌وه‌كان دژی ئیسرائیل تێوه‌گلاون، كوژران كه‌ سه‌ر به‌ فه‌یله‌قی‌ قودس بوون".

وتیشی‌: "هێرشه‌كه‌ی ئێرانمان به‌ ڕێژه‌ی سه‌دا 99  پووچه‌ڵكرده‌وه‌ و له‌ ڕۆژانی داهاتوودا بنكه‌كه‌ چاك ده‌كه‌ینه‌وه‌”.

لای خۆیه‌وه‌ هالیڤی وتی، "هه‌ڵدانی‌ مووشه‌ك بۆ ئیسرائیل بێ‌ وه‌ڵام نابێت و وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌".

هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل ئاشكرایان كرد كه‌ كه‌ ئیسرائیل بڕیاریدا كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی ئێران "ڕوون و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌" ده‌بێت.

به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی 12ی ئیسرائیلی، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئێران ته‌واو ده‌كات، "كاتی‌ ئه‌و هێرشه‌ به‌ نهێنی ده‌مێنێته‌وه‌ تا ئه‌نجامدانی‌”.

كه‌ناڵه‌كه‌ ڕوونیشیكرده‌وه‌، ئامانج لێی جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیسرائیل رێگه‌ به‌ ئێرانییه‌كان نادات هاوكێشه‌یه‌كی نوێ دروست بكه‌ن.

شه‌وی شه‌ممه‌ 13-04-2024 تا به‌ره‌به‌یان، ئێران له‌ رێگه‌ی نزیكه‌ی 300 درۆن و مووشه‌كی كروزه‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل، به‌ڵام سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند، هێرشه‌كه‌ زیانێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ و 99%ی مووشه‌ك و درۆنه‌كانیان خستوونه‌ته‌ خواره‌وه‌.

هێرشه‌كه‌ دوای ئه‌وه‌دا هات رۆژی 01-04-2024 كۆنسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق كرایه‌ ئامانج و حه‌وت كه‌س، كه‌ دووانیان فه‌رمانده‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش راوێژكاری سه‌ربازیی ئێران بوون، كوژران؛ ئێران تۆمه‌ته‌كه‌ی خسته‌پاڵ ئیسرائیل و هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كرد.
 
به‌شێك له‌ درۆن و مووشه‌كه‌كانی ئێران به‌ ئاسمانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا تێپه‌ڕبوون، كه‌ ژماره‌یه‌كیان له‌لایه‌ن سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی ئه‌مریكاوه‌ له‌ سنووری سلێمانی و هه‌ولێر خرانه‌خواره‌وه‌.


PM:11:30:15/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو