لیستی مووچه‌ی مانگی چوار ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێت


وێستگه‌نیوزـ

وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ له‌ كارییەکانی بۆ تەواوکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار و بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لەم هەفتەیە لیستی مووچە رەوانەی بەغدا دەکرێت.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ست وێستگه‌نیوز كه‌وتووه‌، چه‌ند رۆژێكه‌ یەكە ژمێریارییەكانی وەزارەت و دەستە جیاوازەكانی حكومەتی هەرێم سەرقاڵی تەواوكاری لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرەكانیان و وابڕیارە له‌م چه‌ند رۆژه‌ كۆتایی بە ئامادەكردنی لیستەكان بهێندرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م هه‌فته‌یه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لیستی مووچەی مانگی نیسان هیچ گۆڕانكاریەكی تێدا نەكراوە و بەهەمان شێوەی لیستی مووچەی مانگەكانی پێشوو ئامادە دەكرێت و رەوانەی بەغدا دەكرێت، بەڵام بۆ لیستی مووچەی مانگی ئایار داوا لە یەكە ژمێریارییەكان كراوە كە لیستی مووچەكانیان بە پلە بەرزكردنەوە ئامادە بكەن.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە وێستگەنیوزی راگەیاند: فه‌رمانگه‌كان به‌رده‌وامن له‌ ئاماده‌كردنی لیستی مووچه‌ی مانگی چوار و له‌ كۆتایی نزیك بوونه‌ته‌وه‌.

ده‌شڵێت: "له‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كان لیستی مووچه‌ی مانگی چوار ئاماده‌ ده‌كه‌ن و ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دوای پێداچوونه‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدای بكه‌ین".


PM:02:17:15/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 2608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت