سودانی به‌ زنجیره‌یه‌ك دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئه‌مریكا رێگا بۆ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بایدن خۆشده‌كات


وێستگە نیوز-

به‌یانی رۆژی دوو شه‌ممه‌ 15ی نیسانی 2024، كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ له‌ نێوان محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ستیێده‌كات.

خشته‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سودانی بۆ ئه‌مریكا كه‌ پێنج رۆژ ده‌خایه‌نێت، سه‌ردانی هه‌ردوو ویلایه‌تی میشیگان و هیۆستن له‌خۆده‌گرێت كه‌ دوو ره‌وه‌ندی گه‌وره‌ی عێراقی تێدایه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، سودانی ئاماده‌ی خوانێكی ئێواره‌ ده‌بێت كه‌ بالیۆزخانه‌ی عێراق له‌ واشنتۆن رێكیخستووه‌. هه‌روه‌ها چاوی به‌ برێت ماگۆرك نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ ده‌كه‌وێت.

جگه‌ له‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌نزمه‌ی ئابوری ئه‌مریكی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئابوری عێراق- ئه‌مریكی كۆده‌بیته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی ژووری بازرگانی ئه‌مریكی له‌ واشنتۆن (دی سی)یه‌، بۆ تاوتوێكردنی ده‌رفه‌ته‌ ئابورییه‌كان له‌ پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كاندا و به‌هێزكردنی ئه‌و ئیشوكاره‌ی له‌ پاریزگاكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ كه‌رتی وزه‌دا هه‌یه‌.

لیژنه‌ی ته‌كنیكی سه‌ربازی كه‌ یاوه‌ری سودانی ده‌كات، چاوپێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌مریكییه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، چاوه‌ڕوانی بینینی ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و جاك سۆلیڤان راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكی و جێگری خه‌زێنه‌‌ی ئه‌مریكی ده‌كات.

دكتۆر حسێن عه‌لاوی راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسط"ی راگه‌یاندووه‌ "په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق- ئه‌مریكا، به‌ده‌ر له‌ هه‌مو ئاله‌نگارییه‌كان و سه‌ختییه‌كان، له‌ پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامدایه‌، په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ جووڵه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌ییدا تێده‌په‌ڕێت كه‌ دوای ئه‌زمون و ئازاره‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقی، هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ ". 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابوری، لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی باڵا دامه‌زراوه‌، ئه‌م لیژنه‌یه‌ كار ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق- ئه‌مریكا، بگوێزێته‌وه‌ بۆ ئاستی ئاسۆیی. هه‌مو ئه‌وه‌ دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ زۆرانه‌‌ هات كه‌ هه‌ردوو شاندی حكومه‌تی عێراقی و حكومه‌تی ئه‌مریكی، له‌سه‌ر هه‌مو ئاسته‌كان ئه‌نجامیانداوه‌".

هه‌رچی ئاستی سه‌ربازییه‌ "لیژنه‌یه‌كی سه‌ربازی باڵا پیكهاتووه‌،‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، كاری لیژنه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌ترسی داعش و هه‌ڵسه‌نگاندنی تواناكانی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقه‌، له‌گه‌ڵ دانانی خشتیه‌كی زه‌مه‌نی بۆ كۆتاییهێنان به‌ بوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و گواستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئاستی دووانه‌یی".

ئه‌یاد ئه‌لسه‌ماوی سیاسه‌تمه‌داری عێراقی، لای خۆیه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌ی ناوبراوی راگه‌یاندووه‌: "سه‌ردانه‌كه‌ی سودانی، ئامانجی راگه‌یاندنی كۆتاییهێنان نییه‌ به‌ ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه‌ كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركی هاوپه‌یمانان، په‌یوه‌سته‌ به‌ ره‌وتی دانوستانه‌كانی نێوان نوێنه‌رانی هه‌ردوو وڵات، له‌ لیژنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌دا كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی رێكوپێك درێژه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان ده‌ده‌ن".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: "بابه‌تی كۆتاییهێنان به‌ بوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، گه‌شتووه‌ته‌ ئاستێك هه‌مو لایه‌نه‌كان كۆكن له‌سه‌ر كۆتاییپێهێنانی و گواستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ لایه‌نی ئه‌منییه‌وه‌، بۆ په‌یوه‌ندی دووانه‌یی نێوان عێراق و وڵاتانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی سیاسی و ئابوری و سه‌ربازی و ئه‌منی بگرێته‌وه‌".

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌:"حكومه‌تی سودانی، پێیوایه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق، پێویسته‌ دوور بێت له‌ سیاسه‌تی خه‌نده‌قه‌كان و عێراق پارێزگاری له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باش بكات، په‌یوه‌ندییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی یه‌كترو سه‌روه‌ری و به‌رژوه‌ندی هاوبه‌ش بنیادنرابێت".

دواجار محه‌مه‌د شیاع سودانی، له‌ 15ی نیسانی 2024، دانوستانی لوتكه‌ له‌گه‌ڵ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌نجامده‌دات. ئه‌مه‌ رێچكه‌یه‌كی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق- ئه‌مریكا ده‌به‌خشێت،  دوای ده‌ ساڵ سه‌یركردن به‌ چاویلكه‌ی ئه‌منی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان و گواستنه‌وه‌ بۆ ره‌هه‌نده‌ گشتگیره‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی خاڵی سه‌قامگیریی بۆ پێش كه‌وتنی موسڵ. 


PM:11:35:14/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو