قوباد تاڵه‌بانی و پلاسخارت هه‌ڵبژاردن و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمیان تاووتوێ كرد

‌دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

وێستگه‌نیوزـ

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئه‌مڕۆ چوارشەمە 3ی نیسانی 2024، لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ستایشی جێنین پلاسخارتی کرد لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و ئاماژەی بەوەشدا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەم هەوڵانە کاریگەری هەبووە لەسەر سەقامگیری عێراق و هێورکردنەوەی زۆرێک لە بارگژییە سیاسییەکان.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی هەموو کێشەکان و بە تایبەتیش کێشە داراییەکان کە لەئێستادا هەنگاوی باش نراوە بەو ئاڕاستەیە.


PM:07:48:03/04/2024










ئه‌م بابه‌ته 956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت