بەتەمەنترین پیاوی زەوی کۆچی دوایی کرد


وێستگەنیوز- AFP

خوان فێسانتی بێرێز مۆرای ڤەنزوێلی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ وەک بەتەمەنترین پیاوی جیهان ناوی لە کتێبی گینس تۆمار کرا، ئەمڕۆ سێشەممە لە تەمەنی ١١٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

 نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا لەسەر پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی "خوان فێسێنتی بێرێز مۆرا لە تەمەنی ١١٤ ساڵیدا بۆ ژیانی هەتاهەتایی کۆچی دوایی کرد".

 ڕیکۆردی جیهانی گینس لە 4ی شوباتی 2022 بەفەرمی بێرێز مۆرای وەک بەتەمەنترین پیاوی زیندوو پشتڕاستکردەوە کە تەمەنی ئەوکات 112 ساڵ و 253 ڕۆژ بوو.

 ئەو پیاوە 11 کوڕی هەبوو، لە ساڵی 2022دا 41 منداڵ و 18 نەوە و 12 نەوەزای هەبوو.

ئەم جووتیارە کە بە تیۆ فێسانتی ناسراوە، لە شارۆچکەی ئێل کۆبری ناوچەی تاتسیرا لە چیای ئەندێس لە ٢٧ی ئایاری ١٩٠٩ لەدایک بووە و نۆیەمی خێزانێکی دە منداڵی بووە.

 لە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا هاتووە "لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لەگەڵ دایکی و براکەی لە بواری کشتوکاڵدا دەستی بە کارکردن کردووە و یارمەتیدەر بووە لە دروێنەکردنی نیسک".

 بێرێز بوو بە سەرۆکی شارەوانی گوندەکەی و بەرپرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی زەوی و بنەماڵەکان بوو، لە هەمان کاتدا تا کۆتایی ژیانی لەبواری کشتووکاڵ کاری دەکرد.


PM:05:56:03/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت