بارزانی و پلاسخارت: پێویستە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن

‌دیمه‌نێك له‌ دیداره‌كه‌

وێستگه‌نیوزـ

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی له‌ سه‌لاحه‌دین، له‌گه‌ڵ جنین پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كۆبوه‌وه‌ و هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ پێویستە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی، رۆژی چوارشەممە 3ی نیسانی 2024، لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوخۆی هەرێم و هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و "جنین پلاسخارت وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵی بارزانی و پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاماژەشی بەوە دا كە ئاگاداری ئەوەیە كە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و راشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێی پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت".

لای خۆیەوە مىسعود بارزانی، هۆكارەكانی هەڵوێستی پارتی روون كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە دادگای فیدڕاڵ شوێنی دەستەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین و بە شێوەیەك نین كە ڕدرێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت.

مه‌سعود بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، كە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان زیانێكی زۆر گەورە بەو پێكەوەژیانە دەگەیه‌نێت كە گەلی كوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە، دەبێ مافی پێكهاتەكان رەچاو بكرێت چونكە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێت لە كوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بكەن، پارلەمانێك نەتەوەكانی تری تێدا نەبێت پارلەمانێكی لەنگ و ناكامڵ دەبێت. 

بارزانی لەدرێژەی قسەكانی جەختی لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە بەڵام هەڵبژاردنێك كە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەكان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی هێمای بەوەدا كە، "لە هەرێم پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردن بووە و خۆی لە 1991 لە شاری كۆیە ڕایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعیەتی یاسایی بڕۆین". 

سەرۆكی پارتی رۆشنایی خستەسەر بارودۆخی عێراقیش و جەختی كردەوە كە لە عێراقدا رێككەوتنەكان پێشێل دەكرێن، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رێككەوتنێكمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لە كاتی پێكهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو و تا ئێستا هیچ یەك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون. لەگەڵ ئەوەش لە بەغدا بەشێوەیەكی نادەستووری دەستیان بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان بردووە و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستانیان وەك چەكێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێم و بێزاركردنی خەڵكی كوردستان بەكار هێناوە.

لەدرێژەی وتەكانیدا مه‌سعود بارزانی بەپێویستی زانی لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفافدا كێشە تەكنیكیەكان چارەسەر بكرێن و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت.

لەبەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەوەی بە بارزانی راگەیاند كە كێشەی مووچەی لە راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش باس كردووە و ناكرێت جیاوازیی نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق هەبێت و لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی مووچە و شایستەداراییەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق باس بكات. 

هەروەها پلاسخارت پێشنیازی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكیانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.

لەو كۆبوونەوەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ پاراستنی پڕۆسەی دیموكراسی و سەقامگیریی هەرێم پێویستە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن.


PM:05:45:03/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت