سه‌رۆك كۆمار چه‌ند پێشنیارێك بۆ ژماره‌یه‌ك سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌خاته‌ڕوو


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك كۆمار چه‌ند پێشنیارێك بۆ ژماره‌یه‌ك سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌خاته‌ڕوو و داواكاره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌له‌ بكه‌ن.


به‌ گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق پێشوازیكرد له‌ ژماره‌یه‌ك سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و دۆخی گشتی وڵات و پێشهاته‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2-4-2024 له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غداد به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆك كۆمار به‌خێرهاتنی له‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان كرد و به‌بۆنه‌ی هاتنی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زانه‌وه‌ پیرۆزباییان له‌ یه‌كتر كرد.

له‌و دیداره‌دا سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ "گرنگی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌پێناو به‌رده‌وامبون و پته‌وكردنی ئاسایش و سه‌قامگیری و كاری هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كان تا ببێته‌مایه‌ی باشتركردنی بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی و ئابوری وڵات".

 هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ "پێویستی په‌له‌كردن له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد بۆئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ كاری یاسادانان و چاودێری".

سه‌رۆك كۆمار دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ بابه‌ته‌كانی خزمه‌تگوزاری و باشتركردنی ئاستی بژێویی هاووڵاتیان له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانن".

 هه‌روه‌ك جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ "گرنگی یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كانی سه‌رجه‌م  ده‌سه‌ڵاته‌كان و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژه‌كانی ژێرخان و خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان".

لای خۆیانه‌وه‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پشتیوانی خۆیان بۆ پێشنیاره‌كانی سه‌رۆك كۆمار ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌ گرنگی به‌هێزكردنی هاریكاری نێوان سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ چه‌سپاندنی ئاسایش و سه‌قامگیری و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ژیان و خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیان.



PM:09:31:02/04/2024








ئه‌م بابه‌ته 1260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت