ده‌م پارتی: كوده‌تای سیاسی له‌لایه‌ن ئاكپارتییه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌

‌عەبدوڵا زێدان-عەبدولئاهات ئاڤراس

وێستگه‌ نیوزـ

له‌بری عەبدوڵا زێدان، كاندیدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی كه‌ 55.48 ٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوه‌، دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای وان بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ عەبدولئاهات ئاڤراس، كاندیدی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان- ئاپارتی دەرکرد، له‌كاتێكدا ئه‌م كه‌سه‌ ته‌نها رێژەی 27.15٪ی دەنگەکانی بردوه‌ته‌وه‌و له‌ پله‌ی دووه‌مدا بووه‌. 

 پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌و كاره‌ به‌ پیلانگێڕییەکی نوێی دەوڵەتی تورکیا ده‌زانێت کە ڕێگریی دەکات لە عەبدوڵا زێدان، کاندیدی سەرکەوتووی پارته‌كه‌یان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی گەورە شارەوانی وان.

لە ڕاگەیاندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە، بڕیارەکەی دەستەی هەڵبژاردنی شاری وان ڕەتدەکەینەوە، ئەم بڕیارە دەستێوەردانی حکومەت و درێژەدان بە پرۆسەی کودەتای سیاسییە، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دەستەی هەڵبژاردنی شاری وان دراوە کە بڕیارێکی نایاساییە و بڕیارێکی دەرەوەی دادگایە، ناڕەوایە و هەستنەکردنە بە ئیرادەی گەل.

له‌دژی بریاره‌كه‌ی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی شاری وان و هه‌وڵه‌كانی ئاكپارتی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی كاندیده‌ كورده‌كان له‌ پۆستی سه‌رۆكی شاره‌وانی، هاوڵاتیانی شاری وان هه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌ستیان به‌خۆپیشاندان كرد و بریاری دانانی كاندیدێكی شكستخواردویان له‌ پۆستی سه‌رۆكی شاره‌وانیدا ره‌تكرده‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ وتەبێژی دەم پارتی ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەو مافانەی درابوونە عەبدوڵا زێدان دوای ئەوەی لە زیندان ئازادکرا، رۆژی هەینی، 29ی ئادار، پێنج خولەک پێش کۆتاییهاتنی دەوام لێی وەرگیرانەوە.


PM:07:20:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت